داعش لە دەشتاییەکانی عێراق خۆی ڕێکدەخاتەوە

پنتاگۆن و نەتەوەیەکگرتوەکان، ئاشکرایدەکەن چەتەکانی داعش لە سووریا وعێراق خەریکن خۆیان ڕێکدەخەنەوە.


بەپێی دوو ڕاپۆرتی پنتاگۆن و نەتەوەیەکگرتوەکان، کە ماوەیەک لەمەوبەر بڵاوکراوەنەتەوە ئاشکراکراوە کە داعش بە ٣٠ هەزار ئەندامی بیانی هێشتا هەڕەشە دەکات، ڕاپۆرتەکان ئاشکرای دەکەن کە ئەو داعشەی تێکشابوو، سەرلەنوێ گەڕاوەتەوە.

بەپێی وتەی شارەزایان کە بۆ ڕۆژنامەی (L'Echo)ی بەلجیکی قسەیان کردووە ڕایانگەیاندووە، سەرهەڵدانەوە و خۆ ڕێکخستنەوەی چەتەکانی داعش هەڕەشەی جدیین.

دوایین مۆڵگەی داعش لە ئازاری ٢٠١٩ لە لایەن قەسەدەوە تێکشکێندرا، هەرچەندە بشوترێت کە تێکۆشان لەدژی داعش کۆتایی هاتووە، بەڵام ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییە ئاشکرای دەکەن کە دۆخەکە جیاوازە، سەرچاوەیەکی دیبلۆماسی بەلجیکی دەڵێت، "ئەوە دۆخێکی سورپرایز نییە".

چەتەکانی داعش هێشتا لە ئەفریقا و رۆژئاوا چالاکن، چەندین دەستە و تیم بەیعەتیان بە داعش داوە و بەوشێوەیە کاری تیرۆریستی دەکەن.

رەسولۆف گلەنن، سەرپشکنەری ئۆپەراسیۆنی ئینهەرنت کە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە تێکۆشانە لە دژی داعش لە عێراق و سوریا، لە ٢ی ئابی ٢٠١٩ ڕاپۆرتێکی پێشکەشی کۆنگرەی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند، چەتەکانی داعش لە عێراق هێرشی خۆکوژیی دەکەن، خەڵک دەڕفێنن و زەوییەکان دەسووتێنن. لە هەمان ڕاپۆرتدا هاتووە: "هەروەها لە سوریا بنکەی ژیانەوەیان دروستکردووە هێزی فەرماندەییان لە عێراق بەرفراون کردووە".

بەپێی ڕاپۆرتی پەنتاگۆن ١٤- ١٨ هەزار ئەندامی داعش لە سوریا  و عێراق هەن.

جۆنەتان سپایەر، لێکۆڵەر و پسپۆری داعش لە ئەنستیتیوتی (Jerusalem Institute of Strategy and Security 'JISS') ڕایگەیاند، کاتێک چەند مانگێک لەمەوبەر چووە عێراق بینیویەتی لە دەشتەکانی عێراق داعش خۆی رێکدەخاتەوە، بەبۆچوونی سپایەر دۆخەکە لە باکور و باشوری سوریاش هەمانشێوەیە.

نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ١٥ی تەمووزی ٢٠١٩ ڕاپۆرتێکی هاوشێوەی بڵاوکردبوەوە.

ک.س