داوای ڕاگرتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگای نەینەوا دەکرێت

١٢ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا داوا لەسەرۆکی ئەنجومەن دەکەن، دانیشتی هەڵبژاردنی پارێزگار و دوو جێگرەکەی هەڵبوەشێتەوە.


دوای ئەوەی دوێنێ محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە نووسراوێکدا ڕایگەیاند، کە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە هەڵبژاردنی پارێزگای نەینەوا، دۆسییەکەی ئاڕاستەی ئەنجومەنی باڵای بنبڕکردنی گەندەڵی کردووە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی تێدا بکات و ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر، ١٢ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا یاداشتێکیان ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا کرد و داوای هەڵوەشانەوەی دانیشتەنەکەی ئەمڕۆیان کرد.

پێشتر سەرۆکی ئەنجومەن، ئەندامانی ئاگادارکردەوە، کە ڕۆژی دووشەممە، واتا ئەمڕۆ، دانیشتنی ئەنجومەن ئەنجام دەدرێت، بەمەبەستی هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ بۆ نەینەوا، تا ئێستا دیارنییە ئاخۆ دانیشتنەکە ئەنجام دەدرێت یاخود نا.

بۆچی داوا دەکرێت پرۆسەکە دوابخرێت؟

دوابەدوای ئاگاداریەكەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، ١٥پەرلەمانتار بە نووسراوی فەرمی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانیان ئاگاداركردەوە، کە پارە وەک بەرتیل دەدرێتە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، بۆئەوەی دەنگ بە کاندیدێکی دیاریکراو بدەن.

میدیا عێراقییەکان نووسراوێکیان بڵاوکردووەتەوە، کە واژۆی ٢٠ ئەندامی ئەنجومەنی لەسەرە و تیایدا پشتیوانیی خۆیان بۆ مەنسور مەرعید، کاندید بۆ پارێزگاری نەینەوا دەربڕیوە و دەڵێن، کە گوایە ئەو کەسانە "بەرتیلیان وەرگرتووە".

جێگای بیرهێنانەوەیە، دوای نوقمبوونی بەلەمێک موسڵ لە ڕۆژی ٢١/٣/٢٠١٩، کە بووەهۆی خنکانی زیاتر لە ١٢٠ کەس، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕۆژی ٢٤/٣/٢٠١٩ نەوفل حەمادی، پارێزگاری موسڵ و هەردوو جێگرەکەی لە پۆستەکانیان دوورخستەوە، ڕۆژێک دواتر دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵیی نەینەوا بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ حەمادی و حەوت کەسی دیکە دەکرد، بەڵام تا ئێستا حەمادی دەستگیرنەکراوە و دەوترێت لە هەولێر حەشار دراوە.

ش.ف