داگیرکاریی تورکیا دەکرێتە ڕۆژەڤی پەرلەمانی عێراق

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، یاداشتێکی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کرد، داواشی لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە، کە لە ڕێگای وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە بانگهێشتی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق بکرێت و یاداشتی ناڕەزایەتیی پێبدرێت.


ئەمڕۆ، یوسرا ڕەجەب، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە بینای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی باشوری کوردستان ڕێکخست و تێیدا یاداشتێکیشی ئاراستەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کرد.

یوسرا ڕەجەب لە یاداشتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، کە بەپێی ماددەی ۱ی دەستووری عێراق، داگیرکارییەکانی تورکیا شکاندنی شکۆ و سەربەخۆیی دەوڵەتی عێراقە، دەشڵێت: بەپێی ماددەی ۱۰۹، بڕگەی دوو لە ماددەی ۱۱۰ ی دەستوور، پاراستنی سنوور لە ئەرکە تایبەتەکانی حکومەتی عێراقە، لەسەر ئەم بنەمایە ڕووی دەممان دەکەینە عادل عبدولمەهدی، کە فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراقە، بە ئەرکی خۆیان هەستن و بێدەنگی بشکێنن و سنوورێک بۆ داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دابنێن.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە یاداشتەکەدا باسی لە چڕبوونەوەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک کردووە لەسەر خاکی باشوری کوردستان و هاتووە: دەوڵەتی تورکیا بە بەردەوامیی ئاسمان و خاکی عێراق دەبەزێنێت، پارساڵ لە چوارچێوەی ئەو داگیرکارییانەی کە ئەنجامیداوە، قوڵایی ۲٥ کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، لەمساڵیشدا بە زیاتر پەلی هاویشتووە و بە قوڵایی ۳۰ کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی باشوری کوردستانەوە، داگیرکارییەکانی تورکیا لەم دوو ساڵەی دوایدا زیادیکردووە و بووەتە هۆی ڕاگواستن و وەدەرنانی ژیانی ۱۲۰ گوندی ناوچەی برادۆست و شارەدێی سیدەکان.

لە بەشێکی دیکەی یاداشتەکەدا، ئەو پەرلەمانتارە باسی لە بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنیی کردووە لە بۆردوومان و تۆپبارانەکانی سوپای تورکدا و ڕایگەیاندووە: لە ئەنجامی بۆردوومانە بەردەوامەکانی تورکیا، شەهیدبوون و برینداربوونی دەیان هاوڵاتی مەدەنیی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە، ئەمەش جگە لە زەرەر و زیانی ماددیی هاوڵاتیان.

هەر لە یاداشتەکەیدا، ئاماژە بە ڕاپەڕینی گەلی شیلادزێ کراوە بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و هاتووە: سەرەڕایی ناڕەزایەتی و سەرهەڵدانی خەڵکی ناوچەکە بەرامبەر داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، لە نمونەی ئەو سەرهەڵدانە خۆڕسکەی خەڵکی مەدەنی شیلادزێ ئەنجامیدا، بەڵام بەداخەوە هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو و بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

وەک لە یاداشتەکەشدا خراوەتەڕوو، یوسرا ڕەجەب، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ نووسراوێکی ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کردووە و تێیدا داوایکردووە، کە لە ڕێگای وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە، بانگهێشتی باڵیۆزی گشتی تورکیا بکرێت لە عێراق، بۆ ئەوەی نووسراوێکی ناڕەزایەتی پێبدرێت و سنوورێک بۆ پێشێلکارییەکانی دەوڵەت تورکیا دابنرێت.

س.ح