دایكی شەهید دیار: كوڕەكەم سەری لە كوردستاندا بەرزكردمەوە

دایكی شەهید دیار غەریب باس لە كەسایەتیی و تایبەتمەندییەكانی كوڕەكەی دەكات لە منداڵیی و گەورەبوونیدا و ستایشی دەستپاكیی و سەنگیینیشی دەكات و خۆشحاڵیی خۆیشی دەردەبڕێت بەوەی كە ڕۆڵەكەی سەری لە تەواوی كوردستاندا بەرزكردەوە، داواش دەكات، هیچ كات ڕێبازەكەی بەرنەدەن تا ئەو كاتەی كوردستان ئازاد دەبێت.


سەعدە ناسر-ی دایكی شەهید دیار غەریب، ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتیی كۆما جڤاكێن كوردستان-كەجەكە، كە ڕۆژی ٥ی تەموز لە بۆردوومانێكی فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی تورك-دا لە قەندیل شەهیدبوو، لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنیوز، باس لە كەسایەتیی و تایبەتمەندییەكانی ڕۆڵەكەی دەكات و پەیامی درێژەدان بە كاروانەكەشی دەدات.

دایكی شەهید دیار غەریب باس لە تەمەنی منداڵیی شەهید دیار دەكات و دەڵێت: ئەوەندە تایبەتمەندیی جوانی هەبووە  كە نازانم چۆن باسی بكەم، كەسێكی هێمن و بێدەنگ و دەستپاك بوو، زیرەك بوو لە خوێندن و هەموو ساڵێك پلەی یەكەمی بەدەستدەهێنا، لە ساڵی ١٩٨٧ لە حوجرە دەیخوێند، توانی قورئان خەتم بكات و دواتر هەر بەو بۆنەیەوە لە ئەوقافەوە قورئانێكی بەدیاری بۆ نێردرا.

دایە سەعدە زیاتر ستایشی كوڕەكەی دەكات و دەڵێت:"هەڵسوكەوتی لەگەڵ چواردەور و بە تایبەت خوشك و براكانی زۆر خۆش بوو، ئەو كەسێكی بێ تەماح و ژیر بوو، دەستپاك بوو، لە پۆلی سێ-ی سەرەتایی بووە، پارەی دۆزیوەتەوە هێناویەتییەوە بۆم بۆ ئەوەی بیگێڕمەوە بۆ خاوەنەكەی".

ئەو باس لە سەرەتای چەكەرەكردنی هەستی شۆڕشگێڕیی دەكات لە شەهید دیار-دا، كە لە گوندەكەی خۆیان بە هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ پێشمەرگەدا و بەتایبەت لەگەڵ شەهید مامە ڕیشە سەریهەڵداوە و دەڵێت: هەر كە خوێندنی تەواو دەكرد و پشووی هاوینە دەهات دەچووەوە گوند و زۆر دڵی بە ئەوێ و ماڵی باپیرەی دەكرایەوە، زیاتر لەگەڵ شەهید دلێر-ی برای دەچوون، ئەوكاتەش مامە ڕیشە و پێشمەرگە لە گوندەكەمان بوون، دیار لەگەڵ دلێر-ی برای دەچوون بۆ لای مامە ڕیشە و پێشمەرگە.
شەهید دیار غەریب لە ساڵی ١٩٩٦-دا بەشداریی ڕیزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان-پەكەكە دەكات و دەبێتە گەریلا، مانگێك بەر لەوەی بەشدارببێت لە قوتابخانەی گوندەكەی خۆیان كە دەكاتە شارەدێی سێوسێنان-ی ناوچەی قەرەداغ، وەك مامۆستا دەست بەكاردەبێت، دایكی دەگێڕێتەوە:"لە نیوەی ساڵدا بوو ڕۆژێك هاتەوە بۆ ماڵ و خۆی پێچایەوە وتی دەچمەوە بۆ هەولێر، تۆ دواتر بە باوكم بڵێ، منیش پێموت بۆچی دەچیت، وتی كارم لەوێ هەیە و دەچم بەڵام تۆ بە باوكم بڵێ، كە ڕۆشت تا دوای سێ مانگ وەڵاممان بۆ هاتەوە كە چووە بۆ ناو هەڤاڵان".

دایە سەعدە ئەوكاتە دەگێڕێتەوە، كە شەهید دیار غەریب ڕووی لە شام كردووە بۆ بەشدارییكردن لە خولی پەروەردەی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەكەكە و دەڵێت: ساڵی ١٩٩٧ هاتەوە وتی دەچم بۆ سوریا بۆ لای سەرۆك ئاپۆ، منیش ئەوكات پێم ناخۆش بوو كە بچێت، هەرچەند هەوڵمدا كە نەچێت، بەڵام ئەو هەر سووربوو لەسەر ئەوەی كە بچێت، ئیدی ڕۆشت و دوای ١٣ مانگ گەڕایەوە بۆ سلێمانی.

دایە سەعدە جگە لە شەهید دیار، كوڕێكی دیكەشی بەناوی دلێر لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی كەركوك-دا شەهیدبووە، هەرچەندە ناتوانێت پێناسەی "جەرگ سووتان" بكات، هاوكات خۆشحاڵیشە بەوەی، كە شەهید دیار بەوشێوەیە سەری لە تەواوی كوردستان و وڵاتاندا بەرز كردووەتەوە و شانازیی بەو خاوەندارییەوە دەكات، كە هەرچوار پارچەی كوردستان لە كوڕەكەیان كردووە، پەیامی خۆشی ئاراستەی گەلی كورد و هاوڕێبازانی شەهید دیار غەریب دەكات و دەڵێت:"هیچ كات ڕێبازەكەی بەرنەدەن، تا ئەو كاتەی كوردستان ئازاد دەبێت و كۆتایی بە داگیركاریی و بوونی تیرۆریستان دێت".

د.ح