دبلۆماتەکانی تورکیا لە موسڵ لەگەڵ ٤٥٠ چەتەی داعش گۆڕینەوەیان پێکراوە

سەرچەتەیەکی داعش کە مەغریبیە، لە دادگایەکی عێراقدا ئاشکرایکردووە، کە ئەردۆغان و چەتەکانی داعش چەند ڕێککەوتنی نهێنییان ئەنجامداوە، لە ڕێککەوتنێکیاندا باس لەوە کراوە، کە دبلۆماتەکانی تورکیا لە موسڵ لەگەڵ ٤٥٠ دیلی چەتەکانی داعش لە تورکیا ئاڵوگۆڕی پێکراوە.


ڕۆژنامەی دادگای عێراق لە ژمارەی ئەمڕۆیدا، دانپێدانانەکانی سەرچەتەیەکی داعشی بە ناوی عیسام هەنا (ناسراو بە ئەبو مەنسور مەغریبی)ی بڵاوکردووەتەوە.
عیسام هەنا بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی چەتەکانی داعش بووە و لەو ماوەیەی ئەو بەرپرسیارێتییەی هەبووە، چەند ڕێککەوتنێکی گەورەی لەگەڵ ئەردۆغان کردووە، بەپێی یەکێک لەو ڕێککەوتنانە دبلۆماتەکانی دەوڵەتی تورک لە باڵیۆزخانەی موسڵ بە ٤٥٠ چەتەی داعش کە لە تورکیا بەدیلگیرابوون گۆڕدراونەتەوە.

ئەوەشی ئاشکراکردووە، چەتەبریندارەکانی داعش لە نەخۆشخانەکانی تورکیا چارەسەرییان بۆ دەکرا و پاشان ڕەوانەی سوریا و عێراق دەکرانەوە، دانی بەوەشدا ناوە، کە ژمارەیەک لە چەتەبریندارەکانی داعش لە نەخۆشخانەکانی ئیسرائیل چارەسەرییان بۆ کراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، کە چەتەکانی داعش خاکی تورکیایان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بەرەو عێراق و سوریا بپەڕنەوە.

ئەو سەرچەتەیە ڕایگەیاندووە، کە شێخێکی قەتەری مانگانە یەک ملیۆن دۆلاری داوە بە چەتەکانی جەبهەی نوسرە.

هەروەها وەک بەرپرسی ناوەندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی داعش، هەوڵیانداوە کە چەکی کیمیایی لە کوریای باکور وەربگرن.

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە ئەرکی ئەوان وەک ناوەندی پەیوەندییەکانی دەرەوە دابینکردنی پارە و چەک و هەروەها پلانداڕشتن بۆ کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش لە دەرەوەی سوریا و عێراق بووە.

عیسام هەنا لە ماوەیەکدا کە بەرپرسی خاڵی سنووری ئەتما لە ئیدلب بووە، ئەرکی ئەوە بووە، کە هاتووچۆی چەتەکان لە سوریا بۆ تورکیا و بەپێچەوانەوە ئاسان بکاتەوە.

س.ح