دوایین ئاماری خۆپیشاندانەکانی عێراق ڕاگەیەندرا

کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق دوایین ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی عێراق بڵاوکردەوە و تائێستا لە خۆپیشاندانەکاندا ٥٤٥ کەس گیانیانلەدەستدا.


عەلی بەیاتی، ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق دوایین ئاماری گیانلەدەستدان و بریندار و دەستگیرکردن و ڕفێندراوانی خۆپیشاندانەکانی عێراقی بڵاوکردووەتەوە.

بەیاتی ئاشکرایکردووە، لە ١/١٠/٢٠١٩ تا دوێنێ سێشەممە، ژمارەی گیانلەدەستدراوانی خۆپیشاندانەکان ٥٤٥ کەس بووە کە لەنێویاندا ١٧ کەس لە هێزە ئەمنییەکان هەیە، هەروەها نزیکەی ٢٤ هەزار کەسیش برینداربوون.

بەیاتی بە سۆمەریەنیوزی ڕاگەیاندووە، ژمارەی ئەو کەسانەی بێسەروشوێن بوون یان ڕفێنراون، ٧٩ کەسە و لەنێویشیاندا چوار کچ هەیە، لەنێو ئەو ڕفێنراوانەشدا ٢٢ کەس ئازادکراون کە یەکێکیان کچ بووە.

هەروەها ئەو ئەندامەی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ ژمارەی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون بە زیاتر لە دوو هەزارو ٨٠٠ کەس مەزەندە کردووە کە جگە لە ٣٨ کەسیان، ئەوانیتر ئازاد کراون.

بەیاتی باسی لەوەشکردووە، لە مێژووی ئەو چەند ساڵەی ڕابردووی عێراقدا واتە لە دوای ٢٠٠٣وە تا ئێستا، هاوشێوەی ئەم چەند مانگەی ڕابردوو مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر خۆپیشاندەران خراپ نەبووە و لە خراپترین حاڵەتی خۆیدا بووە.

ک.س