دوایین زانیاریی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی عێراق و کاردانەوەکان

لە خۆپیشاندانەکانی ٤ڕۆژی ڕابردووی شارەکانی عیراق، تا ئێستا زیاتر لە ٤٤کەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان کوژراون، و زیاتر لە ١٣٠٠ کەسیش برینداربوونە، لە بەغداش خۆپیشاندانەکان ئاڵۆزتربوونەو زەنگی ئاگادارکردنەوەش لە ناوچەی سەوز لێدراوە.


لە ڕۆژی ١ی ئەم مانگەوە لە دژی گەندەڵی، نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست و بێکاری، خەڵکی عێراق ڕژانە سەر شەقامەکان و سەرەتاش لە بەغدای پایتەخت و پاشان شارەکانی، نەجەف، دیوانیە، بەسرە، کەربەلا، کەرکوک و زۆر ناوچەی دیکەی عیراق دەستیپێکرد.

بەپێی ئامارێکی نافەرمی، ژمارەی کوژراوەکان تا ئێستا گەیشتۆتە زیاتر لە ٤٤ کوژراو کەلە ڕیزەکانی خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکانن، هەروەها زیاتر لە ١٣٠٠ کەسیش برینداربوونە، ئەمە جگە لە سوتاندنی دەیان بارەگای حکومی و حزبی و دەستگیرکردنی سەدان خۆپیشاندەر.

دواینیوەڕۆی ئەمڕۆش لە شاری بەغدا، خۆپیشاندان دەستیپێکردەوەو ئاڵۆزی لێکەوتەوە،دەوترێت لەناو ئەو ئاڵۆزییانەدا ٥کەس کوژراون و ١١کەسی دیکەش برینداربوونە.

 حکومەتی عێراقیش بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، لەزۆربەی پارێزگاکانی عێراق هێڵەکانی ئینتەرنێتی ڕاگرتووە، قەدەغەی هاتووچۆشی ڕاگەیاندووە.

بەهۆی ئاڵۆزیی خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە، هەریەک لە وڵاتەکانی قەتەر، ئێران، کوێت، ئەمریکا و زۆر وڵاتی دیکە هۆشدارییان بە هاوڵاتیانی خۆیاندا کە سەردانی عێراق نەکەن و ئەوەشی لە عێراقە نزیکی خۆپیشاندانەکان نەکەوێتەوە.

ئەمڕۆش، مارتا هۆرتۆود، وتەبێژی نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە شاری جنێف سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی عێراق ڕایگەیاند: داوا لە حکومەتی عیراق دەکەین ڕێگە بدات هاوڵاتیانی بە ئازادی مافەکانی خۆیان ئەزموونبکەن، نیگەرانین لەو ڕاپۆرتانەی باس لەوە دەکەن هێزە ئەمنییەکان چەکیان بەرامبەر خۆپێشاندەران بەکارهێناوە، پێویستە گوێ لە سکاڵای خەڵک بگیرێت.

ب.ش