دوای کوژرانی ٣ کەس هاوڵاتیان گوندەکەیان چۆڵ دەکەن

دوای ئەوەی لە یەک ڕۆژدا سێ هاوڵاتیی گوندەکەیان کوژرا، دانیشتوانی ئەبوخەنازیر شوێنی خۆیان بەجێدەهێڵن.


دوای ئەوەی دوێنی سێ هاوڵاتی گوندی ئەبوخەنازیری سەر بە شارۆچکەی مقدادیەی پارێزگای دیالە لەلاقیەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژران، کە دوانیان کوڕ و باوک بوون، ئەمڕۆ گوندنشینان دەستیان بە چۆڵکردنی گوندەکەیان کرد.

ڕۆژنیوز پەیوەندیی کرد بە هاوڵاتیانی گوندەکەوە، ئەوان باسیان لەوە کرد، کە چەکدارەکان بەرگی سەربازییان لەبەردا بووە، دوای کوشتی ئەو سێ هاوڵاتییە، گوندەکەیان جێهێشتووە.

ئەو هاوڵاتییانە، وتیشیان، کە ئاسایشیان پارێزراو نییە و هەفتەی جارێک کەسێکیان لێدەکوژرێت، یانیش دەڕفێندرێت، بۆیە کۆچکردن بۆ ناوچە ئارامەکانی هەرێمی کوردستان بە چارەسەر دەزانن.

بە وتەی خۆیان، مەترسیی سەر گوندەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش هاتنی چەتەکانی داعش و ١٠ ساڵ پێش ئێستاش جارێکی دیکە بەهۆی هەمان دۆخەوە ئاوارەبوون و دواتر گەڕاونەتەوە بۆ شوێنی خۆیان.

دانیشتوانی گوندەکە ژمارەیان ٥٠٠ کەسە، دوای ئەوەی چەند ماڵێکیان ئەمڕۆ گوندەکەیان چۆڵکرد، هێزی پۆلیس و سوپای عێراق ڕێگرییان لە خێزانەکانی دیکە کرد، هاوڵاتیانیش لەو ڕیگرییەی پۆلیس ناڕازیین و وتیان: ئەوان بێدەنگن لە بەرامبەر ئەو كرده‌وه‌ تیرۆریستیانه‌ی ده‌رهه‌قمان ده‌كرێت، ئێستاش رێگا نادەن بڕۆینە دەرەوە، بەڵام ئێمە سورین لەسەر بڕیارەکەمان لەپێناو پاراستنی گیانی خۆمان.

سەبارەت بە کێشەی ئەو گوندە، غالب عه‌تیه‌، وته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای دیاله‌ به‌ ڕۆژنیوزی وت: له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی پارێزگای دیاله‌ كۆبونه‌وه‌ كراوه‌، بۆ ئەوەی ئه‌و هێزه‌ی له‌و سنووره‌ن بگۆڕدرێن و هێزی ئه‌منیی زیاتر ببرێته‌ ناوچه‌كه،‌ تا ژیانی خه‌ڵكه‌كه‌  له‌ مه‌ترسیی ڕزگار ببێت و نەهامەتییەکان تێپەڕێنن.

ش.ف