دوای کوژرانی ٦٦٩ کەس هەوڵی کۆتایهێنان بە خۆپیشاندانەکان دەدرێت

دوای سێ مانگ بەردەوامی لە خۆپیشاندانەکانی عێراق و کوژرانی ٦٦٩ خۆپیشاندەر، هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەیانەوێت ئەمشەو کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنن، خۆپیشاندەرانیش بەرگریی دەکەن.


ئاڵۆزیی و خۆپیشاندانەکانی عێراق لە ١-١٠-٢٠١٩ دەستیپێکرد و خۆپیشاندەران لە چەندین شار و شارۆچکە چوونە مەیدانەکان و داوای دابینکردنی هەلی کار و بنەبڕکردنی گەندەڵیان دەکرد، دواتر داواکارییەکانیان بەرز بووەوە بۆ داواکاریی هەموارکردنەوەی دەستوری هەمیشەیی عێراق و دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماری سێ مانگی ڕابردووی لە عێراق ئاشکراکرد و ڕایگەیاند بەهۆی بەکارهێنانی هێز لە دژی خۆپیشاندەران، لە مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردوو تا ئێستا ٦٦٩ کەس کوژراون و نزیکەی ٢٥ هەزار کەسیش برینداربوون.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئەشکەنجەدان و دەستگیرکردن لە عێراق بەردەوامیان هەیە.

دوای بڕیاری کشانەوەی لایەنگرانی سەدر لە خۆپیشاندانەکان، حکومەتی عێراق  بڕیاریی کۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەکان و کردنەوەی ئەو ڕێگایانەی داوە، کە بەهۆی خۆپیشاندانەوە داخراون، بۆ ئەوەش لە بەیانی ئەمڕۆوە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران و هەوڵدەدەن بە زەبری هێز کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنن.

هێرشی هێزە ئەمنیەکان تا ئێستا بەردەوامە و خۆپیشاندەرانی مەیدانی تەحریر لە شاری بەغدا بەرگریی دەکەن و دەیانەوێت لە مەیدانەکەدا بمێننەوە.

د.ع