دوای یەک ساڵ هێشتا حکومەتی عێراق بە تەواویی پێکنەهاتووە

ساڵێک بەر لە ئێستا خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، تێیدا ٣٢٩ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردران، بەڵام دوای ساڵێک هێشتا حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەدولمەهدی بە تەواوی پێکنەهاتووە و ناتەواوە، ئەوەش بەهۆی ناکۆکی قوڵی نێوان هێزە سیاسییەکان لەسەر پشکیان لە حکومەت.


یەک ساڵ لەمەوبەر ٥/١٢/ ٢٠١٨ هەڵبژاردن ئەنجامدرا، ئێمە بینەری ململانێ و ناکۆکی فراوانی نێوان هێزە سیاسییەکان بووین، کە یەکتریان تۆمەتبار دەکرد بە ئەنجامدانی ساختەکاریی، تەنانەت تا گەیشتە ئاگرکەوتنەوە لە ناوەندی سندوقەکانی دەنگدان، هەربۆیە لە ٢٤/٦/٢٠١٨ دوای بڕیاری دادگا، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستی کرد بە دووبارە ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست، لە مانگی حەوت جارێکی دیکە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردن ئاشکراکران و قۆناغی پێکهێنانی حکومەت دەستیپێکرد، بەڵام هێشتا حکومەت بە تەواوی پێکنەهاتووە.

پێکهێنانی حکومەت لەناو ناکۆکییە قوڵەکاندا

لە ڕۆژی ٣/٩/٢٠١٨ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەکەمین دانیشتنی ئەنجامدا، بەڵام شکستیهێنا لە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی و هەروەها شکستیهێنا لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و ڕاسپاردنی کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام لە چوارەمین دانیشتندا، کە ڕۆژی ٢/١٠/٢٠١٩ ئەنجامدرا، پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ بەرهەم ساڵح-یان هەڵبژارد بۆ سەرۆک کۆمار و پاشان عادل عەبدولمەهدی ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکومەت، کە کەسایەتییەک بوو کوتلە شیعییەکانی وەکو چاکسازیی و بونیادنان (الاصلاح و البنا‌و) لەسەری ڕێککەوتبوون.

لە ٢٤/١٠/٢٠١٨ پەرلەمان دەنگیدا بە ١٤ کاندیدی کابینەکەی عادل عەمدولمەهدی، هەروەها دانگدانی بە هەشت کاندیدی دیکە دواخست، کە پارتە سیاسییەکان ڕازی نەبوون دەنگیان لەسەر بدەن، دواتر و لە ١٨ی ١٢ی ٢٠١٨ وەزیرەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی،  وەزارەتی ڕۆشبیری و وەزارەتی پلاندانان دەنگیان لەسەر درا و دیاریکران. پاشان لە ٢٤ی مانگی ١٢ پەرلەمان متمانەی بە وەزیری پەروەردە و وەزیری کۆچ و کۆچبەران بەخشی، لە کاتێکدا ناکۆکییە سیاسییەکان لەسەر کاندیدەکانی وەزارەتەکانی داد و ناوخۆ و بەرگریی بەردەوام بوون، هەروەها وەزیری پەروەردەش دوورخرایەوە دوای ئەوەی ئاشکرا بوو براکەی لەگەڵ داعش پەیوەندی هەیە.

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق تا ئێستاش نەیتوانیوە کێشەی ئەو چوار وەزارەتە چارەسەر بکات و پڕیان بکاتەوە و بە وەکالەت بەڕێوەیان دەبات.

بە گوێرەی لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان، وەزارەتی ناوخۆ پشکی شیعەکانە، هەروەها فالح فەیاز سەرکردەی هاوپەیمانی فەتح کاندیدێکی بەهێزە بۆ وەزیری ناوخۆ، بەڵام هێشتا ناکۆکیی نێوان هێزە شیعییەکان بەردەوامە لەسەر ئەو پۆستە، ناکۆکییەکە لەنێوان دوو گەورەترین هاوپەیمانی شیعەکانە، کە ئەویش لەلایەک هاوپەیمانی (چاکسازیی و بونیادنانەوەیە)، کە لە هاوپەیمانی (نەسری عەبادی و سائیرونی موقتەدا سەدر) پێکهاتووە، لەلایەکەی دیکەش (هاوپەیمانی بینا‌و)، کە لە هاوپەیمانی (فەتحی هادی عامری و دەوڵەتی یاسای مالیکی) پێکهاتووە.

هەرچی وەزارەتی بەرگرییە موڵکی هێزە سونییەکانە، ئەوەش بەپێی لێکتێگەیشتنی سیاسی، بەڵام هێشتا ئەو پۆستەش بە بەتاڵیی ماوەتەوە، ئەوەش بەهۆی ناکۆکی نێوان هێزە سونییەکانەوە.

هەروەها ناکۆکیی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق لەسەر پۆستی وەزاتی داد بەردەوامە، ئەوە جگە لە ناکۆکییەکانی دیکەیان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و پۆستی پارێزگاری کەرکوک.

هێشتا لە عێراقدا کاندیدەکان ڕەوانەی پەرلەمان نەکراون بۆ پڕکردنەوەی ئەو وەزارەتانەی ماون، ئەوەش بەهۆی چاوەڕوانیی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان هێزە سیاسییە ناکۆکەکان.

لەو چوارچێوەیەدا نەدا شاکر، جێگری سەرۆکی ئیئتیلافی نەسر بە ڕۆژنیوزی وت: عێراق بە دەست سیستمی پشکی سیاسیی و دابەشکردنە سیاسییەکانەوە دەناڵێنێت، هەربۆیە سەرۆک وەزیرانیش تا ئێستا نەیتوانیوە پۆستە بەتاڵەکان پڕ بکاتەوە. هەروەها ئاماژەی بۆ بوونی کێبڕکێیەکی توند کرد لەنێوان هێزەکان لەسەر ئەو چوار وەزارەتە بەتاڵەی ماوە.

نەدا شاکر باسی لەوەش کرد: ئەو چوار وەزارەتە بەتاڵەی ماوە (داد، ناوخۆ، بەرگریی و پەروەردە) بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن، کە ئەوەش کارێکی قورسە و کاریگەریی لەسەر ئاستی خزمەتگوزاریی و ئیشوکارەکانی ئەو وەزارەتانە دەکات، بە تایبەتی وەزارەتی پەروەردە، کە ساڵی خوێندن بەرەو کۆتایی دەچێت و تا ئێستا وەزارەتەکە بەتاڵە.

نەدا، غەمگینی خۆی بۆ بە بەتاڵیی مانەوەی ئەو وەزارەتانە دەربڕی و وتی: پێویست بوو عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیران ئەو دابەشکراییەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی بۆ وەزارەتەکان پەسەند نەکردایە، بە تایبەتی ناوخۆ و بەرگریی، چونکە ئەو دوو وەزارەتە زۆر گرنگن و نابێت لەژێر کاریگەریی پارتە سیاسییەکاندا بن.

جێگری سەرۆکی ئیئتیلافی نەسر باسی لەوەش کرد: پێویستبوو هەر لایەنێک، کە کاندیدەکەی سەرنەکەوت، مافی وەرگرتنی ئەو وەزارەتەی لێوەربگیردرایەتەوە و عادل عەبدولمەهدی خەڵکانی گونجاوی بۆ ئەو پۆستانە دابنایە، بەڵام ئەوەی نەکرد، ئەوەش بەهۆی ئەو فشارە سیاسییانەی لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە دەخرێتەسەری.

نەدا ئاشکراشی کرد، کە پێدەچێت لە دوای مانگی ڕەمەزان کێشەی ئەو چوار وەزارەتە بەتاڵەی حکومەتی عێراق چارەسەر بکرێت، بەڵام دڵنیاش نەبوو.

 

ک.ک