دوو کەس لە ئێران تووشی کۆرۆنا بوون

وەزارەتی تەندروستی ئێران، تووشبوونی دوو کەسی بە ڤایرۆسی کورۆنا ڕاگەیاند. 


ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند کە ئەنجامی پشکنینی سەرەتایی دوو کەس بە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کورۆنا ئەرێنی بووە.

کیانووش جەهانپور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران، وتی: لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری قوم دوو کەس بە گومانی تووشبوون بە کۆرۆنا خراونەتە ژێر چاودێری و ئەنجامی بەرایی پشکنینەکان وایان نیشانداوە کە ئەو دوو کەسە تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون.

جەهانپور ڕاشیگەیاند: قۆناغەکانی کۆتایی پشکنین ئەنجام دەدرێت و ئەنجامی یەکلایی پشکنینەکان دواتر ڕادەگەینرێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە گروپەکانی فریاگوزاری لە شاری قوم جێگیر کراون.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەکانی ڕابردوو، دەنگۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو ئێران چەندین جار بڵاوبووەوە، بەڵام کاربەدەستانی ئێران ڕەتیانکردەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا دوێنێ هەندێک لە ئاژانسەکانی هەواڵ نامەیەکی وەزیری ناوخۆی ئێرانیان بۆ وەزیری تەندروستی بڵاو کردەوە، کە تێدا داوای کردبوو بەهۆی لە پێشبوونی هەڵبژاردنەکان، لە ئێستادا ئامارەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران بڵاو نەکرێتەوە.

ک.س