دژی داگیرکاریی واژۆ ڕادەستی حکومەت و پەرلەمان کرا

کاوە محەمەد، پەرلەمانتاری عێراق داواکاریی و واژۆی کەمپەینی دەستپێشخەریی دژی داگیرکاریی تورکیای لە یاداشتێکدا ئاڕاستەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کرد.


کاوە محەمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاداشتێکی بە واژۆی خۆی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و داواکاریی ئەو ٨٩١ کەسەی باشوری کوردستانی گەیاندە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، کە لە چوارچێوەی کەمپەینی دەستپێشخەریی دژی داگیرکاریی تورکیا ڕۆژی ٣ی تەموز داواکاریی خۆیان گەیاندە نووسینگەی ئەنجومەنی نوێنەران لە شاری سلێمانی.

کاوە محەمەد لە یاداشتەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کەڕۆژ لەدوای ڕۆژ ناڕەزایەتییەکان لە هێرشە زەمینی و ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورک زیاتر دەبێت و خەڵکەکەمان بەهۆی ئەو هێرشانەوەشەهید دەبن و قوربانیی دەدەن، بەڵام تا ئێستا هەڵویستێکی جدیی و کردەوەییمان لە حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم نەدیوە، پێشتریش داوامان کردبوو، کە ئەم بابەتە بە شێوەیەکی کراوە لەپەرلەمان گفتۆگوی لەسەر بکرێت.

ئەوەش هاتووە: لە ڕۆژانی ڕابردوو پێشوازیمان لە گروپێک کرد، کە لیستێکیان بە ٨٩١ واژۆەوە پێشکەشی ئێمە کرد و ئاماژەیان بە چەندین خاڵی گرنگ کردووە، ئێمە پشتیوانی ناوەڕۆکی ئەو داواکارییە دەکەین و دەمانەوێت سەرنجتان ڕابکێشینە سەر ئەو داواکارییانە و ناڕەزایەتی هاوڵاتیان، هەروەها بەرپرسیارییەتی و ئەرکێک کە دەکەوێتە ئەستۆتان بەبیرتان دەهێنینەوە، پێش ئەوەی ئەم بابەتە بگۆڕدرێت بە دۆخێکی گەورەتر و مەترسیدارتر.

کەمپەینی دەستپێشخەریی دژی داگیرکاریی، ڕۆژی ٢٠ی حوزەیران ڕاگەیەندرا و ڕۆژی ٣ی تەموز یاداشتێکیان بە واژۆی ٨٩١ کەسەوە ڕادەستی نووسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە تیایدا ئاماژە بە چوار خاڵ درابوو:

یه‌كه‌م : په‌لامار و داگیركاریی توركیا بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان، پێشێلكردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و دەسدرێژییە بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێم و عێراق و پێچه‌وانه‌ی گشت یاسا كارپێكراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و پره‌نسیپی دراوسێیه‌تی باشە و هێرش و داگیركارییەكە كە لەسەر خاكی وڵاتێكی دی بەڕێوە دەچێت.

دووه‌م: ئه‌م په‌لاماره‌ په‌لامارێكی داگیركارانەیە بۆ سه‌رجه‌م خاكی هه‌رێمی كوردستان و به‌توندی ئیدانه‌ی ئه‌كه‌ین، پێشمانوایه‌ مه‌ترسییه‌كی جدییه‌ له‌سه‌ر سه‌قامگیری سیاسی و پێگه‌ و ئایینده‌ی هه‌رێمی كوردستان و بوونی هێزێكی سه‌ربازیی گه‌وره‌ی وڵاتێكی بێگانه‌ و بنكەو بارەگاكانی سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسیی راسته‌قینه‌ن‌ بۆ ئێستا و ئایینده‌ی هه‌رێم.

سێیه‌م: دامه‌زراوه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم و عێراق، دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، پارت و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسیه‌كان، كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، رۆشنبیران و ئه‌كادیمیان، گشت چین و توێژه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، هه‌ر مرۆڤێكی ئازادیخواز، دەبێت بۆ كۆتاییهێنان به‌م داگیركاری و په‌لاماره‌ ناره‌وایه‌ی كە مایەی زیاتربوونی قوربانیه‌كان و وێرانبوونی خاك و ئابووریی ئەم وڵاتەیە‌ و مه‌ترسیه‌كی جددییه‌ له‌ سەر ئاینده‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، بە ئه‌ركی شەر شانی خۆیان هه‌ستن.

چواره‌م: ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ جیاتی په‌لاماردان و داگیركاریی سه‌ربازیی و درێژه‌دان بە توندوتیژی، ده‌بێت ده‌رگای گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ری كیشه‌ی كورد له‌ توركیا بكاته‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ و به‌ پشت به‌ستن به‌رێكاره‌ دیموكراسییه‌كان كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بكات كە ئه‌مه‌یە ئەو ڕێگا راسته‌قینەیە‌ی‌ خزمه‌ت بە ئاشتی‌ و برایه‌تی گه‌لان و پێكه‌وه‌ژیان ده‌كات.

جێگای ئاماژەیە، دوای کۆمەڵکوژییەکەی کورتەکیش ٥٢ پەرلەمانتاری عێراق داوایان لەپەرلەمان کرد، کە لەسەر بابەتی داگیرکاریی کۆببێتەوە، هەروەها ١٥ پەرلەمانتاری هەرێمیش واژۆیان کۆکردبووەوە تا پەرلەمان لەسەر ئەو بابەتە کۆببێتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەک لەسەر ئەو بابەتە ئەنجام نەدراوە.

س.ح