دەربارەی ئۆجالان دادگا بڕیارێکی دەرکرد

داواکاریی گشتیی دادگای کۆماری بورسای تورکیا بڕیارێکی نوێی لەبارەی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە و زیندانییەکانی دیکەی دوورگەی ئیمرالی درەکرد.


بەگوێڕەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی مەزۆپۆتامیا، داواکاری گشتیی دادگای کۆماریی بورسای تورکیا بڕیاری داوە، کە هەموو جۆرە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی و نووسین و سەردان بە ئیمرالییەوە دەبڕێت.

داواکاری گشتیی دادگای تورک لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٩، ١١ سزای بەسەر ئۆجالاندا سەپاندووە، هەروەها  ١٥٦ لاپەڕە لە نامەکانی وەک بەڵگە بۆ هەوڵدان بۆ پێکهێنانی کودەتای ١٥ی تەموز ناوزەدکردووە.

ڕۆژی ٢ی ئایار دادگای تورک ڕایگەیاند، بەهۆی دۆخی نائاسایی و هەروەها بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆن لەدژی پەکەکە ئەو داواکارییەی داواکاری گشتی قبوڵ دەکرێت و هەمو جۆرە پەیوەندییەک بە ئیمرالییەوە دەبڕێت.

دوابەدوای ئەو بڕیارە، پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان دژی ئەو بڕیارە ناڕەزاییان پیشاندا، بەڵام دادگا ناڕەزاییەکەی ڕەتکردەوە.

سەرئەنجام دادگای تورک بڕیاری دا: بۆ ماوەی شەش مانگ هەموو جۆرە دیدارێک لە ئیمرالی قەدەغە دەبێت، هەروەها بۆ ماوەی سێ مانگیش پیوەندییە تەلەفۆنی و نووسینییەکان لە ئیمرالیەوە بۆ دەرەوە قەدەغەدەکرێت.

س.ح