دەمیرتاش: هەڵوێستی خەڵک دۆخی من دیاری دەکات

سەلاحەدین دەمیرتاش لە چاوپێکەوتنێکی دیکەیدا لەگەڵ ڕۆژنامە بیانییەکان دەڵێت، کە هەڵوێستی خەڵک دۆخی من دیاری دەکات، ئەوەی کە من لە زیندانەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار کاندیدم بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا جێگای شەرمە.


سەلاحەدین دەمیرتاش، کاندیدی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار لە ڕێگای پارێزەرەکانییەوە وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەی لا کۆرییەری سویسرای داوەتەوە، ڕۆژنیوز کورتکراوەیەکی ئەو چاوپێکەوتنە بڵاودەکاتەوە.

دەمیرتاش ڕایگەیاندووە: لە زینداندا دەرفەتەکان کەمن و لە مانگی ١١ی ٢٠١٦-ەوە بۆ ئێستا جگە لە عەبدوڵا زەیدانی هاوبەندیی ڕێگەم پێنەدراوە هیچ زیندانییەکی دیکە ببینم، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامین لە تێکۆشان، ئاکەپە لە مەیدانە سیاسییەکاندا پێمان ناوێرێت، بۆیە هەزاران هەدەپەییان زیندان کردووە، هەدەپە گەورەترین و بەهێزترین ئاڵتەرناتیڤە بۆ ئاکەپە، بۆیەشە ئەو فشارانەی دەخرێتە سەر.

وتیشی: بەو هۆیەوە کە ئاکەپە نەیدەتوانی وڵات بەڕێوەببات، بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەی دەرکرد، بۆ ئەوەی بتوانێت بە زۆرداری و فشار بۆسەر لایەنەکانی دیکە دەسەڵاتداریی بگرێتە دەست، من پێموایە لەگەڵ ئەو هەموو فشارانەشدا هەدەپە بە تەنیا بەربەستی ١٠٪ تێپەڕدەکات، پێویستە خەڵک بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەوەی لە هیچ هاوپەیمانییەکدا جێی بۆ نەکراوەتەوە بە جۆشێکی زیاترەوە پشتگیریی هەدەپە بکەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا وتی: کاندیدبوونم لە زینداندا بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا جێگای شەرمە، لە زیندانەوە کەمپەینەکانی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەم، لە رێگای پارێزەرەکان و نامە و پۆستەوە پەیامەکانم ئاراستەی دەرەوەی زیندان دەکەم.

لەکۆتاییشدا وتی: ئازادکردنم نایاسایی نییە، بەڵکو ئەوە زیندانکردنمە کە نایاساییە، ئەگەر پرسەکە بەپێی یاس و مافەکان بووایە من زیندان نەدەکرام، لەم دۆخەشدا تەنیا هەڵوێستی خەڵکە کە چۆنێتی دۆخی من دیاری دەکات.

س.ح