دەنگی ئاوارەکانی مەخمور گەیەندرایە پەرلەمانی عێراق

ئاوارەکانی کامپی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخمور، بۆ هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیەی لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە خراوەتە سەر کامپەکەیان ناڕەزایەتی نامەیەکیان ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراق و هەرێم کرد، نامەکەیان لەلایەن پەرلەمانتار کاوە محەمەد گەیەندرایە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.


لەدوای ڕووداوەکەی ڕێستۆرانتی هۆقەباز، لەشاری هەولێر، کە ئەندامێکی پلەبەرزی میتی تورکی تێدا کوژرا، ئاسایشی پارتی گەمارۆی خستووەتە سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخمور، ناهێڵێت هیچ کەسێک لە کامپەکەوە بڕواتە ناو شاری هەولێر، تەنانەت ڕێگا بە نەخۆشەکانیش نادات بڕۆنە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر.

لەبەرامبەر ئەو گەمارۆیەدا، ئەنجومەنی خەڵکی مەخمور، بەناوی ١٢٠٠٠ پەنابەری کامپەکەوە نامەیەکیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرد و داوای هەڵوێستیان لێکردن، پەرلەمانتار کاوە محەمەد، پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراکسیۆنی گۆڕان، نامەکەی هاوڵاتیانی کامپی مەخموری گەیاندە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

دەقی نامەکەی پەرلەمانتار کاوە محەمەد

بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

بابەت/ کامپی پەنابەرانی مەخمور

سڵاوێکی گەرم

بە نوێنەرایەتی ١٢٠٠٠ کەس لە کامپی ئاوارەکانی مەخموور، یاداشتی ئەنجومەنی کامپی مەخمور کە پێشکەشی پەرلەمانی عێراق کراوە، بۆتان بۆ بەرز دەکەینەوە، کە تێیدا باسی دۆخی خۆیان دەکەن وەکو پەنابەری سیاسی کە لە کۆتایی سەدەی ڕابردووەوە لێرەن، دانیان پێدانراوە و لە ژێر سەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتووەکانە، باس لەو زوڵمانەش کراوە کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بە تایبەتی دووبارەبوونەوەی دەستدرێژییەکانی تورکیا و بۆردوومانی بەردەوامی کامپی نیشتەجێبوونی تایبەت بە پەنابەرە ئاشتیخوازەکان.

داوا لە بەڕێزتان دەکەین ئاگادار بن و بریارێک لە بارەیانەوە بدەن کە  بە گونجاوی دەبینن و گشتاندن بکەن بۆ پەرلەمانتاران.

 

دەقی نامەکەی دانیشتووانی کامپی مەخمور

لە ساڵی ١٩٩٤ نزیکەی ١٢ هەزار کەس لە دانیشتوانی باکوری کوردستان لە بەر زوڵم، زۆرداری، کوشتنی،زیندانیکردن و سوتاندنی ماڵ و گوندەکانیان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە، لە بەر ئەوەی سیاسەتی قڕکردن ولە ناوبردن لە سەرمان پەیرەو دەکرا ناچار بووین پەنا ببەنە بەر ئاوارەبوون و ڕوومان لە نزیکترین سنوورکرد کە باکوری عێراق و هەرێمی کوردستان بوو.

گەلەکەمان لەم قۆناغەدا کە ماوەی ٢٥ ساڵە ئاوارەین زۆر ئێش و زەحمەتییان بینیوە لە ژیاندا، لەبەر ئەو سیاسەتی کۆچبەرکردنەی دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانی لەگەڵیدا، ئێمە ناچار بووین ٨ کەمپی جیا جیا لە ناو سنووری عێراقدا بە جێبهێڵین.لە کۆتایدا لە ساڵی ١٩٩٨ پەنابەرانی کەمپی مەخمور کە سەر بە شاری موسڵە

بە گشتی لەم قۆناغەی پەنابەریدا بە پەسەند کردنی دەوڵەتی عێراق وەک پەنابەری سیاسی لە ژێر چەتر و سەروەری نەتەوە یەکگرتووەکاندا قبوڵ کراوین، ئێمە لەگەڵ گەلی هەرێمەکە و لە سەر بنەمای خۆشەویستی، دۆستایەتی و برایەتی بەیەکەوە ژیانمان کردووە و هیچ کاتێک ناکۆکیمان نەبووە، لەبەرامبەر دەستووری دەوڵەتی عێراقیش و هەرێمیش ئێمە خۆمان بە بەرپرسیار بینیوە و بە ڕێزەوە مامەڵەمان کردووە، هەرچەندە لە لایەن ئاسایشی و ئارامی و پاراستنییەوە دەوڵەتانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرامبەر ئیمە بەرپرسیارن، بەڵام هەتا ئێستاش هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک لە سەرمان کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە، هەموو کات لە پشتی ئەو هێرشە درندانەی دەکرێتە سەرمان دەوڵەتی تورک هەیە، بە تایبەتی لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا، کەمپی مەخمور بووە بە ئامانجی هێرشی فرۆکە شەرکەرەکانی تورکیا، لەو هێرشانەدا هەر جارەی ژمارەیەک هاوڵاتی کەمپەکەمان بوون بە قوربانی و بریندار بوون، لە دوای ئەو هێرشانە هەرچەندە کە ئێمە هەموو بەڵگە ونوسراوێکمان ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار و لایەنی بەرپرسیار کردووە و ئاگادارمان کردونەتەوە لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بەڵام ئەو لایەن و شووێنانە هەڵوێستێکی جدییان نیشان نەداوە تاوەکو بتوانن پێش لەوهێرشانەدرندانە بگرن کە لەسەر گەلەکەمان و هاوڵاتیانی سڤیل هەیە.

لەم کۆتاییانەدا لە بەرواری ١٧/٧/٢٠١٩دا لە شەو سەعات ١٢:١٠ جارێکی تر کەمپەکەمان بوو بە ئامانجی هێرشە درندانەکانی دەوڵەتی تورکیا، پێش ٢ رۆژ لەو هێرشەش سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان بە فەرمی لە سەر تەلەفیزیۆنەکانی نزیک لە خۆیەوە رایگەیاند کە هێرشی سەر کەمپی مەخموور دەکەن.هەر لە دوای ئەو دەستنیسانکردنەی ئەردۆغان ئەو هێڕشانە روویاندا، هەر بە دەستنیشان کردن و ئاماژەکانی ئەردۆغانیش ئەو هێڕشانە ئەنجام دەدرێت، لەو هێرشەدا ٢ هاوڵاتی کەمپەکەمان بریندار بوون، ئەو شووێنەی کە هاوڵاتییەکانمانی لێ برینداربوون شووێنی نیشەتجێبوونە، دەکەوێتە ڕۆژەهاڵاتی کەمپەکەوەکە ئەویش شووێنێکە کە گەل وەک باخچە بەکاری دەهێنن، بەڵام بە داخەوە لە بەرامبەر ئەو هێڕشەش نە پەرلەمانی کوردستان و نەدەولەتی عێراق نە لە لایەن دەوڵەتانی نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ خۆ بەرپرسیار بینێک نەبینرا ولە بەرامبەر ئەو هێرشانە هەڵوێست نیشان نەدرا. ئەو هێرشانە لەسەر سەروەری خاکی عێراق و هەرێمە ژێر پێخستنی یاسای نێونەتەوەییەکانە.لەهەمان کاتدا ژێر پێکردنی یاسای نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە جنێڤ سەبارەت بە مافی پەنابەران دانراوە.

لە هەمان رۆژدا کە هێرش لە سەر گەلی ئێمەی کەمپی مەخمور پێکهات، ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان هاتوچۆی لە هاوڵاتیانی موخمور بۆ هەولێر قەدەغە کردووە و هەموو ڕێگەکانی کە دەچنە هەرێمی کوردستان لە سەر خەڵک و ئێمەیان داخستووە. هەروەهاا ناهێڵێ نەخۆشەکانمان کە پێویستیان بە فریاگوزاری خێرا هەیە بیاننێرینە نەخۆشخانەئە مرۆڤانەشی کە رۆژانە دەچنە کار و ناهێڵن بچنە سەر کارەکانیان، لەهەمان کاتدا ئەو کرێکارانەی کە خەڵکی مەخمورن و لە شارەکانی کە لە ژێر دەسەڵاتداری ئەواندایە لە کارەکانیان دووریان دەخەنەوە و پێیان دەڵێن کە دەبێت ئێوە لە هەرێمی کوردستان بچنە دەرەوە. ژمارەیەک هاوڵاتی ئێمە کەلە هەولێر بە بێ هۆکار و بەهانە دەستگیر کراون.ناهێڵن بنەماڵەکانیشیان بچنە سەردانیان. هەتا ئێستاش سەبارەت بە ئەو گیراوانە هیچ زانیارییەکمان لە سەر بارودۆخیان نییە و نازانین.

بە ناوی هاوڵاتیانی کەمپەکەوە ئێمە ویستمان کە ئەو بارودۆخ و هەڵوێستانەی ئەوان لە بەرامبەر بە ئێمە لەگەڵیان گفتوگۆ بکەین. بەڵام دەرگای گفتوگۆو دیالۆگیان لەسەر داخستین.

ئێمە دواکاری لە پەرلەمانی کوردستان و دەوڵەت و پەرلەمانی عێراق دەکەین کە لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی کە لەسەر کەمپەکەمان هەیە کە تێیدا هەموو جارێک دەبێتە هۆکاری کوشتن و قەتڵ و عامکردن و بریندارکردنی ژمارەیەک لە هاوڵاتییەکانمان لە بەرامبەر ئەو کردەوانە هەڵوێستێکی جدییان هەبێت کە بتوانن کۆتایی بەو هێرشانە بهێنن، لەبەر ئەوەی ئەو هێرشانە لە هەمان کاتدا ژێر پێکردنێکی گەورەی سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە، دیسان ئێمە دواتان لێ دەکەین، لە بەرامبەر ئەو هەڵوێست و نزیک بوونەوانەی ئاسایش و بەڕێوبەرانی ئاسایش و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر بە کەمپەکەمان ئێوە بەدواداچون بکەن و کۆتایی بەو هەڵوێستانەی بهینن.ئەو کەسانەمان کە دەستگیر کراون ئازاد بکرێن، ڕێگەی هاتوچۆکردن لە خەڵکەکەمان بۆ هەولێر و دەوروبەری ئاسایی بکرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بچنەوە سەر کارەکانیان و پێویستییەکانی رۆژانەی خۆیان دابین بکەن.

بە ناوی ١٢ هەزار هاوڵاتی کە لە کەمپی مەخمور دەژین.

ئەنجوومەنی کەمپی مەخمور

د.ع