دەوڵەتی تورک ئامانجی داگیرکردنی باشوری کوردستان ئاشکرادەکات

بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەنووسێکی نزیک لە دەسەڵاتی ئاکەپە، نزیکەی ١٠٠ ڕێکخراوی سەربە دەسەڵاتی تورک خۆیان ئامادەدەکەن کە لەسەر ویلایەتەکانی موسڵ و کەرکوک کە تەواوی باشوری کوردستان لەخۆ دەگرێت، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سکاڵا تۆماردەکەن، تا بگەڕێتەوە سەر خاکی تورکیا.


چەندین ساڵە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باشوری کوردستان چڕ بووەتەوە و تادێت بنکە و بارەگا سەربازییەکانی لەم بەشەی کوردستان زیاد دەکات، ئێستا ڕۆژنامەنووسی نزیک لە دەسەڵاتی ئاکەپە ئامانجی ئەم داگیرکارییە ئاشکرا دەکات.

حاجی یاکێشکڵێ، نوێنەری ڕۆژنامە و تەلەفزیۆنی 'یەنی ئاکید'ـە، کە سەربە دەسەڵاتی تورکە، لەسەر تویتەرەکەی خۆی زانیارییەکی سەرنجڕاکێشی لەسەر پیلانە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان ئاشکرا کردووە، کە ئەویش زانیارییەکانی لە پرۆفیسۆر د. ئیلیاس تۆپ سێکاڵ، وەرگرتووە کە لە ماڵپەڕی فەرمی ئەنادۆڵی سەر بەدەوڵەتی تورک بڵاو کراوەتەوە.

حاجی یاکێشکڵێ ئاشکرایکردووە، "کۆمەڵەی یەکگرتنەوە و هاوکاری جیهانی تورک"، لەگەڵ ١٠٠ ڕێکخراوی مەدەنیی سەربە دەسەڵات باوەڕیان وایە کە ویلایەتەکانی موسڵ و کەرکوکی (باشوری کوردستان)، خاکی تورکیایە و پێویستە دووبارە بگەڕێتەوە سەر تورکیا.

ڕۆژنامەنووسەکەی نزیکی دەسەڵاتی ئاکەپە، ئەم بابەتەی بە مانشێتی "هەواڵێکی خۆش"، بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: "کۆمەڵەی یەکگرتنەوە و هاوکاری جیهانی تورک"، لەگەڵ ١٠٠ ڕێکخراوی مەدەنیی سەربە دەسەڵات، باوەڕیان وایە کە؛ "کەرکوک، موسڵ، ١٢ دوورگە، یۆنان، کریمە، لیبیا و ڕۆژئاوای تورکیا، هی تورکیان و بۆ ئەوەی ئەو خاکانە بگەڕێنەوە سەر تورکیا خۆیان ئامادە دەکەن، تا لە ئاستی نێودەوڵەتی سکاڵای بۆ تۆمار بکەن، تا ئەو خاکانە بگەڕێنەوە سەر تورکیا.

دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئەو خاکانەی لە کاتی خۆی عوسمانی داگیریکردبوون، دووبارە بگەڕێنێتەوە سەر تورکیا، لەو ناوچانەی لە سەرەوە ناویان هاتووە، ویلایەتەکانی موسڵ و کەرکوک کە هەموو خاکی باشوری کوردستان لەخۆ دەگرێت.

ک.س