دەوڵەتی تورک ناوی ئاشتیی بۆ شەڕی کورد بەکاردێنێت

"ڕێڕەوی ئاشتیی" ناوی ئەو شەڕەیە، کە دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستان بەنیازە هەڵیگیرسێنێت و دەیەوێت لەژێر ئەو ناوەدا کارەچەپەڵەکانی حەشار بدات.


دوێنێ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورک (مەگەکە - MGK) بە سەرۆکایەتیی سەرۆک کۆماری تورک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەڕێوەچووو و بۆ ماوەی ٦ کاتژمێر بەردەوامیی هەبوو.

دوای کۆبوونەوەکە ڕاگەیاندراوێکی چوار خاڵیی بڵاوکرایەوە و سێ خاڵیان کوردی کردووەتە ئامانج.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە کۆبوونەوەکەی مەگەکەدا بڕیاردراوە هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە بەردەوام بن لە هێرشەکانیان لەدژی کورد لە ژێر ناوی "پەکەکە/پەیەدە و یەپەگە"دا.

ئەوەشیان ڕاگەیاندووە، بەردەوام دەبن لە داگیرکەرییەکەیان لە باشووری کوردستان، هەروەها ئەو ڕووداوەی هەولێر، کە ئەندامە میتەکەی کۆنسوڵخانەی تورکی تیادا کوژرا، بووەتە رۆژەڤیان.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا توڕەیی و بێزاریی خۆیان لەدژی دەرهێنانی ناوی سیاسەتمەدارانی کورد لە لیستی ئینتەرپۆل (پۆلیسی نێودەوڵەتی) دا خستووەتەڕوو و ڕایانگەیاندووە:"دەرهێنانی ناوی چەندین کەس لە لیستی سووری ئینتەرپۆل دا زیان بە ئامانجی دامەزراندنی ئینتەرپۆل (ÎNTERPOL) دەگەیەنێت".

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورک دا نیازی داگیرکەریی لەدژی فیدراسیۆنی ڕۆژئاوا /  باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا خستووەتەڕوو. بە گوێرەی راگەیاندراوەکەیان لە ژێر ناوی "ئاسایشی سنوور" دا "رێڕەوی ئاشتی" دروست دەکەن.

دەوڵەتی تورک پێشتریش لە هێرشە داگیرکەرییەکانیدا چەمکی ئاشتیی بۆ شەڕە چەپەڵەکانی خۆی بەکارهێنابوو، شەڕی داگیرکردن و تاڵانکردنی عەفرین-یان لەژێر ناوی "چڵی زەیتون" ئەنجامدا.

ش.ف