زیاتر لە ١٠٠ هەزار هەڵگری بروانامەی دکتۆرا لە ئێران بێکارن

جێگرى سەرۆکى یەکێک لە زانکۆکانى ئێران، ئاماژەى بەوەکردووە،  زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس کە هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆران (PHD) لەوڵاتى ئێران بێکارن، ئەمە لەکاتێکدایە کە  ٦٠%ى ئەو خوێندکارانەى زانکۆیان تەواوکردووە بێکارن.


ئەحمەدڕەزا پیشبین، یاریدەدەری زانکۆی کاربۆردی ئێران، کە زانکۆیەکى هاوبەشى حکومەت و کەرتى تایبەتە،لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسەکانى هەواڵى ئێران، قسەى لەسەر ڕەوشى زانکۆکانى ئێران و نەبوونى هەلى کار کردووە بۆ دەرچووانى زانکۆ.

ناوبراو لە قسەکانیدا، ئاماژەى بەوەکردووە، کە ساڵانە لە ئێراندا سێ هەزار کەس لە خوێندنى دکتۆرا وەردەگیرێن و بڕوانامەى دکتۆرا بەدەستدەهێنن، ئەوەش بەرزترین ڕێژەیە، لەوەرگرتنى خوێندکارى دکتۆرا لەدواى ڕوسیا و ئەمریکاوە بۆ پێدانى بڕوانامەى دکتۆرا، بەڵام لە ئێستادا زیاتر لە ١٠٠ هەزار هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرا لە ئێران بێکارن.

 پیشبین، لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەى بە خراپى ئاستى زانکۆکانى ئێران کردووە و دەڵێت: ٩٠%ى سیستمى زانکۆکانى ئێران کوالێتییان نییە، بۆ ئەوەش پێویستە بەرنامەمان هەبێت، هەتاوەکو کوالێتى خوێندن بەرزبکەینەوە.

 جێگای ئاماژەیە، بەپێ ئامارێکی فەرمی ئێران زیاتر لە ٦٠٪ی ئەو خاوەن بڕوانامەکانى بەکالیۆریۆس لە ئێران بێکارن.

د.ع