زیندانیانی سیاسیی کورد داوای بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن

زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی ئێران، سەرەڕای ڕاگەیاندنی پشتیوانی خۆیان لە هەڵمەتی بایکۆتی هەڵبژاردن، ڕایانگەیاندووە کە بایکۆتی هەڵبژاردن بووەتە خواستێکی گشتی.


دوێنێ ١٧ زیندانی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی ئێران لەوانە؛ زیندانی ئورمیە، زیندانی خۆی و زیندانی کاشمەر بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش داوایان کردووە هەڵبژاردنەکان بایکۆت بکرێت.

لە ڕاگەیەندراوی زیندانییەکان هاتووە: "کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە گەیشتووەتە بنبەست و قەیرانی ڕەوایەتیی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە، جارێکی دیکە لە سەروبەندی هەڵبژاردندا هانای بۆ خەڵک هێناوە بۆ ئەوەی مێژوو لە بیر بکەن و دەنگ بدەن، تا جارێکی دیکە ئەم کەشتییە تێکشکاوە بگەیەنێتە کەناراوێکی ئارام".

لە بەردەوامی هاتووە: "دەیانەوێت سێدارەکان لە بیر بکەین و لە شوێنی بەخاک سپێدرانی لە سێدارەدراوە بێ کفنەکان نەپرسین، ئاسەواری ئەشکەنجەکان لەسەر جەستەکانمان داپۆشین و بە بزەوە بچینە سەر سندوقەکان، خوێنە ڕژاوەکانی زستانی ٢٠١٨ و پایزی ٢٠١٩ و ناوی سەدان کۆڵبەر کە بۆ نان گیانیان لێسەندراوە، لەبیر بەرین".

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەی زیندانیانی سیاسی هاتووە: "بایکۆتی هەڵبژاردن لە ئێستادا بووتە خواستێکی گشتی لە سەرتاسەری ئێراندا، ئێمەش پشتگیریی ئەو ویستە گشتییە دەکەین و وەک ڕابردوو هەڵبژاردن بایکۆت دەکەین".

ناوی ئەو زیندانیانەی ڕاگەیاندراوەکەیان واژۆ کردووە:

١- زەینەب جەلالیان

٢- شاکر باقی

 ٣- ڕەحمی تورگوت

٤- سیامەک ئەشرەفی

٥- کامران دەروێشی

٦- بەشیر پیرەماوانە

٧- ئەحمەد تەمویی

٨- ئیبراهیم عیساپوڕ

٩- عەلی ئەحمەد سولەیمان

١٠- سابر کەمانی

١١- پەیمان میرزازادە

١٢- پەرویز ناسری

١٣- فیروز موسازادە

١٤- کەمال حەسەن ڕەمەزان

١٥- حاتم ئۆزدەمیر

١٦- ڕەحیم مەحمودی ئازەر

١٧- محەمەد میرزایی

ک.س