زیندانییەک ژیانی زیندانییانی ئامەد دەگێڕێتەوە

زیندانییەک کە ماوەی نۆ ساڵ لە یەکێک لە زیندانیەکانی شاری ئامەد زیندانی بووە، ژیانی ناو زیندان دەگێڕێتەوە و ئاماژە بەوەدەکات کە زیندانەکانی تورکیا هەموویان بەیەک شێوە و لەسەر بنەمای ڕووخانی ئیرادەی مرۆڤ دروستکراون، هەرەوەها چیرۆکی بەرخۆدانی ناو زیندان و بەهێزکردنی ئیرادەیان دەگێڕێتەوە لە ڕێگای کردنەوەی خولی پەروەردەیی لەنێوان زیندانییەکاندا.


ساڵانە لە باکوری کوردستان و تورکیا هەزاران هاوڵاتی لەسەر بیروڕای سیاسی و ئازادیی ڕادەربڕین و دەربڕینی بۆچوونێک لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان دەستگیردەکرێن و چەندین ساڵ سزای زیندانییان بەسەردا دەسەپێنن.

محەمەد، ناوی یەکێک لەو زیندانییانەیە کە ماوەی نۆ ساڵ لە یەکێک لە زیندانەکانی شاری ئامەدی باکوری کوردستان زیندانی بووە و کەمتر لە مانگێکە ئازادبووە، بەم شێوەیە چیرۆکی دەستگیرکردنەکەی دەگێڕێتەوە: من و هەڤاڵێکم لە ناو بازاڕدا بەیەکەوە بووین دەچوین بۆ لای هەڤاڵێکی دیکەمان کە پێشانگای فرۆشتنی تاقمی دانیشتنی هەبوو، کاتێک نزیکی دووکانی هاوڕێکەمان بووینەوە بینیمان ئەووناوە بە پۆلیس گەمارۆدراوە، نەگەشتینە دووکانەکە پۆلیس ئێمەی دەستگیرکرد، هەر لەوێدا هاوڕێکەمیان ئازادکرد و منیان برد بۆ زیندان.

"خۆیان وتەکانیان ئامادەکردبوو"

محەمەد، لە بارەی چۆنێتی تێپەڕینی چەند ڕۆژی سەرەتای زیندانەوە، دەڵێت: منیان برد لە شوێنێک دایاننام کە شوێنی وەرگرتنی وتەی زیندانیان بوو، بەڵام خۆیان وتەکانیان ئامادە کردبوو، لەو شوێنە تەنها زیندانییەکانیان ناچاردەکرد ئەو وتانە واژۆ بکات کە بەناوی ئەوانەوە دایان ڕشتبوو، بەهەمان شێوە وتەی منیشیان نووسیبوو، یەکەمجار کەسێکیان هێنا بەشێوەیەکی نەرم قسەی لەگەڵ کردم و داوای لێدەکردم ئەو تۆمەتانە پەسەند بکەم، کە ئەوان نووسیویانە، دەیوت هاوکاریی ئێمە بکە بۆ ئەوەی ئێمەش هاوکارییت بکەین، من هەموو وتەکانم ڕەتکردەوە، دواتر کەسێکی زەبەلاحیان هێنا بۆ ئەشکەنجەدانم، دوای ئەو کەسێکی دیکە هات بە نەرمی قسەی لەگەڵ کردمەوە، کەمن پەسەندم نەکرد، دیسان ئەشکەنجەیان دامەوە، ماوەی چوار ڕۆژ ئەم چیرۆکە بەردەوامبوو، لەو چەند ڕۆژەدا سێ دانیان شکاندم، بە شێوازیی جیاجیا ئەشکەنجەیان دەدام، هەنێک جار لە بەردەممدا میلی چەکەکانیان ڕادەکێشا و دەیانوت دەتکوژین، منیش دەموت ساڵانێکە ئێوە ئێمە دەکوژن بۆیە لێتان ناترسم.

ئەو زیندانییە، ئاماژەی بەوەکرد، کە زیندانەکانی تورکیا هەموویان بەیەک شێواز و لەسەر بنەمانی ڕوخاندنی ئیرادەی مرۆڤ دروستکراون، بەڵام ئەو کەسانەی لەناو زیندانەکاندا لەسەر بابەتی ئایدۆلۆژی و سیاسی زیندانیی کراون، زیندانیان کردووەتە شوێنێک بۆ خۆپەروەردەکردن و دەڵێت: ئێمە ٢٢ کەس بووین لە ژورێکی بچوکدا، لەو ژوورەی ئێمەدا کەسانێک هەبوون کە ماوەی ١٥ ساڵ زیاتربوو لەوێبوون، لەناو خۆماندا سیستمێکمان بۆ خۆپێشخستن و خۆ پەروەردەکردن دانابوو، بەڕێوبەرانی زیندان کاتژمێر ٧:٠٠  دەهاتن بۆ ئەوەی خەبەرمان بکەنەوە، بەڵام ئێمە لە کاتژمێر ٦:٠٠ هەڵدەستاین، هەموو بەیانییەک تا نیوەڕۆ کاتەکانمان بۆ خولی پەروەردەیی ئامادەدەکرد، کە لەنێوان خۆماندا کردبوومانەوە، هەر ڕۆژە و لەلایەن هەڤاڵێکەوە دەوترایەوە، وەک چۆن دووژمن سیستمی خۆی هەبوو بۆ شکاندنی ئیرادەی ئێمە بەهەمانشێوە زیندانییەکانیش سیستمی خۆیان هەبوو بۆ بە‌هێزکردنی ئیرادەیان.

"لەگەڵ دوژمندا دەژیت"

محەمەد دەڵێت: ژیانی ناو زیندان زۆر جیاوازە، لە دەرەوە تۆ هەموو کاتێک دووژمن نابینیت، بەڵام لە زیندان لەگەڵ دووژمندا دەژیت، ئەوەش ئازاربەخشە، بۆ ئێمە زیندان شوێنێکی خۆپەروەردە کردن بوو، لەوێ هەموو شتێک بە هاوبەشیی لەگەڵ هەڤاڵەکانتدا ئەنجامدەدەی، دەتوانی باوەڕی تەواوت بە هەڤاڵەکانت هەبێت و پشتیان پێ ببەستی، لە زیندان سیستمێکی ژیانکردنمان بۆ خۆمان دامەزراندبوو.

پەیام بۆ ئۆجالان دەنێرن

محەمەد، باسی زیندانییەک دەکات، بەناوی مەمەد سەعید یەڵدرم، کە لەچوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا لە زیندانەکەی ئەوانەوە گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ئیمراڵی بۆ لای عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، و دەڵێت: هەڤاڵ مەمەد سەعید یەڵدرم دەچوو بۆ لای سەرۆکایەتی، هەموو هەڤاڵانی زیندان هەوڵیان دەدا خۆیان بگەیەننە لای هەڤاڵ مەمەد و دیاریەک بۆ سەرۆکایەتی بنێرێن، هەندێک هەڤاڵ پێنووسی دەنارد، هەندێک دەیوت بەناوی منەوە ئەم قسەیە بە سەرۆک بڵێ، هەندێک هەڤاڵ کارتی پیرۆزبایی لەدایکبوونی بۆ سەرۆک دەنارد، هەندیک هەڤاڵ دەیانوت تەنها ناوی من بە سەرۆک بڵێ، ئەو چەند ڕۆژە هەیەجان و جوڵەیەکی زۆر دروستببوو لەناو زینداندا.

پێویستە جیهان لە بارودۆخی زیندانیانی تورکیا ئاگاداربێت

ئەو زیندانیانە، لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژە بەوەدەکات، کە ئامانج لە گێڕانەوەی چیرۆکی زیندانیکردنی ئەوە نییە کە باسی ئەو قوربانییە بکات، کە ئەو داویەتی، چونکە پێی وایە کەسانێکی زۆر هەن ماوەی ٢٥ ساڵ زیاترە لە زینداندان و قوربانییان داوە، بەڵام ئامانجی ئەوەیە، کە دەنگی زیندانیان بگەیەنێتە دەرەوە و ڕاگەیاندنەکان و ڕیکخراوەکانی مافی زیندانیان و مافی مرۆڤ لە بارودۆخی ژیانی زیندانییەکانی تورکیا ئاگاداربکاتەوە، کە هیچ بنەمایەکی ژیان و پاراستنی مافی زیندانیانی تێدا نییە، لەپێناو ئەوەی بارودۆخی زیندانیانی نێو زیندانییەکانی تورکیا باشتربکرێت و جیهان لە دڕەندەیی دەسەڵاتی تورک بەرامبەر بە کورد ئاگاداربکاتەوە.

تێبینی، محەمەد ناوێکی خوازراوە بۆ ئەو زیندانییە.

د.ع