زەرفی سیڤی وەزیرە کاندیدکراوەکانی ئاشکرا دەکات

عەدنان زەرفی کاندیدی ڕاسپێردراوی حکومەتی نوێی عێراق، کارنامەی کابینەکەی ڕەوانەی پەرلەمان کرد و ڕایگەیاند، لە ٤٨ کاتژمێری داهاتووشدا سیڤی وەزیرە کاندیدکراوەکان ڕەوانە دەکات بۆ دەنگدان لەسەریان.


لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقی کردووە، عەدنان زەرفی ئاماژەی بە ڕەوانەکردنی کارنامەی کابینەکەی کردووە و باسی لەوەشکردووە، پێش ٤٨ کاتژمێری داهاتوو، ناوی وەزیرە پێشنیازکراوەکانیش ڕەوانە دەکات.

بەپێی کارنامەکەی زەرفی کە میدیاکانی عێراق بڵاویانکردووەتەوە، ئاماژە بە دۆسیەی خۆپیشاندان و قەیرانی تەندروستی کردووە کە لە پێشینەی کارەکانی کابینەی داهاتوو دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریدەکات کە لە ساڵێک زیاتر نەبێ و یاسای بودجەش ڕەوانەی پەرلەمان دەکات.

دووپاتیشکردووەتەوە، کە ژمارەیەکی زۆر لە وەزیرەکان ئامادەن و دەستنیشانکراون، پێش تەواوبوونی ماوەی یاسایی ڕاسپاردنی، لەبەردەم پەرلەماندا ئامادە دەبێت بۆ متمانە پێدانی.

داواش لە کوتلە سیاسییەکان دەکات، پاڵپشتی حکومەت بکەن و کارنامەکەشی خۆی لە سێ بڕگەدا کورت کردووەتەوە، کە سەرەکیترینیان ئابوری وڵاتە کە داینەمۆی سەرەکی حکومەتە، لەگەڵ ئەوەشدا دۆسیەی خۆپیشاندان و تەندروستی لە بەرنامەی لەپێشینەی کابینەکەن و بەوتەی خۆی، گوێ بە هیچ ململانێیەکی دەرەکی نادات لەناو خاکی وڵاتەکەیدا.

ڕۆژی ١٧ی مانگی ڕابردوو عەدنان زەرفی لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگەش وادەکەی بەردەمی کۆتایی دێت، دوای ٤٨ کاتژمێر لە ڕادەستکردنی سیڤی وەزیرەکانیشی بە پەرلەمان، پێویستە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە حکومەتەکە بەڕێوە بچێت.

س.ح