زەریف بەرەو نیۆرک بەڕێکەوت

دوای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڤیزای دایە سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران، نووسینگەی نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە محەمەد جەواد زەریف بەرەو نیویۆرک بەڕێی کەوتووە.


ڤیزای سەردانی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران و محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ نیویۆرک و بەشداریی لە ٧٤ـەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە دەرکرا.

بەگوێرەی نووسینگەی نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان، زەریف دوای وەرگرتنی ڤیزەکەی، ئەمڕۆ بەرەو نیویۆرک بەڕێی کەوتووە و بڕیارە حەسەن ڕۆحانی-ش ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە بەرەو نیۆرک بەڕێکەوێت.

بڕیارە ٧٤ـەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگە لە نیویۆرکی ئەمریکا و لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێو بچێت، کە زۆربەی سەرۆکانی دەوڵەتەکانی جیهان لەگەڵ شاندی هاوڕێیان بەشداری تێدا دەکەن.

لەگەڵ قوڵبوونەوەی ئاڵۆزییەکان و توندبوونەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە، دوای ئەوەی ئێران تۆمەتبار کراوە بە پێکانی دوو مەیدانی نەوتی سعودیە، دواکەوتنی پێدانی ڤیزە بە شاندی ئامادەکاری ئێران و هەروەها سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران، بووە هۆی ئەوەی گومان دروست بێت بە ڕێگەنەدان بە شاندی ئێرانی بۆ بەشدارییکردن لە دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان.

ش.ف