زەینەب جەلالیان داواى ئازادکردنى پارێزەرەکەى دەکات

ئەمیر سالار، کە پارێزەرى زیندانى سیاسى کورد، زەینەب جەلالیان-ە، لە لایەن هێزەکانى ئیتلاعاتى ئێرانەوە دەستگیرکراوە و زەینەب جەلالیان-یش، لە نامەیەکى کراوەدا، داوا لە ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤ و سەندیکاى پارێزەران دەکات هەوڵبدەن بۆ ئازادکردنى.


 ئەمیر سالار داودى، پارێزەرى زەینەب جەلالیان، لەلایەن هێزەکانى ئیتڵاعاتى ئێران دەستگیرکراوە، براوە بۆ زیندانى ئەوین، لە تارانى پایتەخت ئێران، هەوەرها هێزەکانى ئیتلاعات، ناوەندى کار و ماڵى ئەو پارێزەرەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر کۆمەڵێک فایلى سکاڵاکاران و شتومەکى تایبەت بە کارەکەیدا گرتووە.

زەینەب جەلالیان، زیندانى سیاسى کورد لە ئێران، کە ١١ ساڵە لە زینداندایە، لە نامەیەکى کراوەدا، کە لەبارەى دەستگیرکردنى پارێزەرەکەى بڵاوى کردووەتەوە، ڕوو لە ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤ و سەندیکاى پارێزەران دەکات و دەڵێت:پێویستە بەهەموو شێوەیەک هەوڵ بدەن ئەم پارێزەرى مافى مرۆڤە ئازادبکەن، نابێت ڕێگا بدەن، کەسێک کە بۆ هاوکارى و ئازادى ئەواندى دیکە هەوڵدەدات، وەک تاوانبار سەیربکرێت.

زەینەب جەلالیان، بە ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤ و سەندیکاى پارێزەران دەڵێت: ئەگەر ڕێگە بدەن کەسانى وەک ئەمیر، وەک تاوانبار سەیر بکرێن و ئێوەش لە بەرامبەریدا بێدەنگ بن، ئەوا کەسانى دیکەش سەیرى ئەو هەڵوێستەى ئێوە دەکەن و ئیدى کەس لەسەر مافى ئەواندى دیکە نایەتە دەنگ.

ئەمیر سالار، تەمەنى ٣٧ ساڵە، پارێزەرێکى خۆبەخشى ئێران-ەو هەتاوەکو ئێستا پارێزەرى کۆمەڵێک زیندانى سیاسى بووە لە دادگاکانى ئێران-دا.

د.ع