ساڵنامەی بایکۆتی شتومەکی تورکیی بڵاودەکرێتەوە

بایکۆتی شتومەکی تورکیی لە باشوری کوردستان بەردەوامیی هەیە و بە بڵاوکردنەوەی ساڵنامەی بایکۆت، بەڵێن نوێکرایەوە کە لەساڵی نوێشدا بە گڕ و تینی زیاترەوە بەردەوامیی بە بایکۆت بدرێت.


لەدوای هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە مانگی ١٠ی ئەمساڵ، لە باشوری کوردستان هەڵمەتی بایکۆتی شتومەکی تورکیی دەستیپێکرد و بەردەوامیی هەیە.

ئەگەرچی هۆشیارییەکی تەواو لەناو خەڵکدا دورستبووە و بە سەدان هەزار کەس بەشداریی هەڵەمەتەکەیان کردووە، بەڵام چالاکوانان و ئەندامانی گروپی 'دەنگی نیشتیمان' لە شار و شارۆچکە جیاوازەکان بەشێوازی جۆرا و جۆر چالاکییەکانیان بەردەوامیی پێدەدەن.

لە شاری سلێمانی چالاکوانان ساڵنامەی ٢٠٢٠ی بایکۆتی شتومەکی تورکییان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش کرد، لەو ڕێگایەشەوە بەڵێنیان دووپاتکردەوە، کە ٢٠٢٠ ساڵی بایکۆتی شتومەکی تورکییە و بە گر و تینی زیاترەوە بەردەوامیی بە هەڵمەتەکەیان دەدەن.

هەروەها، لەسەر ساڵنامەکە وێنەی ژنێک هەیە، کە سەرقاڵی دروستکردنی نانە بۆ منداڵەکانی و لەسەر وێنەکە نووسراوە"خۆراکی خۆماڵیی لە بەرهەمی تورکیی پیرۆزترە"، ئەمەش وەک هاندانی زیاتر بۆ برەودان بە بەرهەمی ناوخۆ.

هاوڵاتیانیش بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لە چالاکوانان کرد و بەڵێنی بەردەوامییان پێدان.

ش.ف