سبەی خۆپیشاندانی ملیۆنی بەڕێوەدەچێت و حەشدی شەعبی لە بەغدا دوورخراوەتەوە

بڕیارە سبەی خۆپیشاندانی ملیۆنی لە بەغدا بەڕێوەبچێت و وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقیش ڕایگەیاند: فەرمان کراوە بە چەکدارانی حەشدی شەعبی دەستوەردان نەکەن و بەفەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بجوڵێنەوە".


وابڕیارە سبەی لە بەغدا خۆپیشاندانی ملیۆنی بەڕێوەبچێت و لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراقیش باری نائاسایی ڕاگەیەندراوەو باڵیۆزخانەی ئەمریکاش هۆشداری لەبارەی خۆپیشاندانەکەوە دەدات.

عەبدولکەریم خەلەف وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاندووە: سەرۆک وەزیران فەرمانی کردووە کە نابێت حەشدی شەعبی دەستوەردان لە کاروباری ئەمنیدا بکات.

لای خۆشیەوە، قەیس خەز عەلی، سەرکردەی عەسائیبی ئەهلی حەق-ی سەر بە حەشدی شەعبی خۆپیشاندانەکەی سبەی بە "کاری تێکدەرانەو گڵاو" ناوبردووە.

لە ئێستادا ئامادەکاری لە مەیدانی تەحریری بەغدا دەکرێت بۆ خۆپیشاندانە ملیۆنیەکەی سبەی ئامانجیش درووستکردنی فشارە بەمەبەستی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ.

بەهۆی توندوتیژی و زۆری قوربانیەکان لە خۆپێشاندانەکانەوە، باڵیۆزی هەریەکە لە وڵاتانی ئەوروپا، بەریتانیا، ئەڵمانیاو فەرەنسا لە بەغدا هۆشداری توندیان دایە عادل عەبدولمەهدی و داوایان لێکرد هێزەکانی حەشدی شەعبی لە شوێنەکانی خۆپیشاندان دووربخرێنەوە.

ب.ش