سعودیە داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوا شەرمەزار دەکات

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە داگیرکاریی و پەلاماری سوپای تورک بۆسەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای شەرمەزار کرد.


بەپێی هەواڵی ئاژانسی دەوڵەتی سعودیە (واس)، دوێنێ وەزارەتی  دەرەوەی سعودیە نیگەرانی وڵاتەکەی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەربڕیوە و ئەو هێرشەی بە هەڕەشەیەک بۆسەر ئارامی و ئاشتی ناوچەکە زانیوە.

بە گوێرەی هەواڵەکە، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە جەختی لە پێویستی پاراستنی ئاسایشی گەلانی سوریا و سەقامگیری ئەو وڵاتە کردووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە هۆشداریی داوە کە دەرەوەی ئەو بیانوانەی تورکیا بڵاویان دەکاتەوە، دەستدرێژیی بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لێکەوتەیەکی نەرێنیی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت، بە تایبەت کە هەوڵدانە نێودەوڵەتییەکان بۆ تێکۆشان دژی داعش لەو ناوچانە لاواز دەکات.

ش.ف