سوپای عێراق: ئامادەین بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران

عوسمان ئەلغانمی، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق ڕایگەیاند، سوپا ئامادەیە خۆپیشاندەران بپارێزێت تا بەدیهێنانی داخوازییەکانیان.


بڕیارە ئەمڕۆ خۆپیشاندانێکی چەند ملیۆنی لە بەغدا بەڕێوەبچێت و لە ئێستادا هاوڵاتیانی بەغدا و شارەکانی دیکەش، ڕوو لە مەیدانی خۆپیشاندانەکانی پایتەخت دەکەن.

لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ، عوسمان ئەلغانمی، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق پەیامێکی بۆ خۆپیشاندەران بڵاوکردەوە، تێیدا ڕایگەیاند:"سوپا ئامادەیە بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان".

هەروەها دوێنێ عەبدولکەریم خەلەف وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاندبوو، سەرۆک وەزیران فەرمانی کردووە کە نابێت حەشدی شەعبی دەستوەردان لە کاروباری ئەمنیدا بکات.

قسەکانی عەبدولکەریم خەلەف لە کاتێکدابوو، کە قەیس خەز عەلی، سەرکردەی عەسائیبی ئەهلی حەق-ی سەر بە حەشدی شەعبی، خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی بە "کاری تێکدەرانەو گڵاو" ناوبرد.

قسەکانی غانمی لە کاتێکدایە، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، لە دوومانگی ڕابردووی خۆپیشانەکانی عێراقدا، زیاتر لە ٤٥٠ خۆپیشاندەر کوژراون و هەزارانیش برینداربوون.

هەرچەندە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستی لەکارکێشایەوە، بەڵام خۆپیشاندەران چەندین داواکاریی دیکەیان هەیە، کە گرنگترینیان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمارە.

س.ح