سوپای پاسداران: ماوەی شەڕ لە کۆنترۆڵی کەسدا نابێت

فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران لە وەڵامی ترامپ کە وتبووی ماوەی هێرش بۆسەر ئێران زۆری پێناچێت، هۆشداریی داوە کە ماوەی شەڕ لە کۆنترۆڵی کەسدا نابێت.


غوڵامعەلی ڕەشید فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی "خاتەم ئەنبیا"ی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ لە مەراسیمێکی سەربازیی لە باشوری ئێران ڕایگەیاندووە: هێزە سەربازییەکانی ئێران بەبێ هیچ دوودڵییەک لە بەرامبەر هەر چەشنە کاڕیکی دەستدرێژیکارانە بۆسەر دورگەکان، سنورە دەریایی، خاکیی و ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی، وەڵامێکی بەهێز و پەشێمانکەر دەداتەوە.

ڕەشید هۆشداریشیداوە: ماوە و شوێنێ شەڕەکە لە کۆنترۆڵی هیچ کەسێکدا نابێت، ئەمریکا پێویستە لە هەڵەی دەستدرێژیی بۆ سەر عێراق و ئەفغانستان وانە وەرگرێت و لە لێکدانەوەکانی بۆ بڕیاردان تووشی هەڵەیەکی بێگەڕانەوە نەبێت.

پێشتر دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندبوو: هێرشمان بۆ سەر ئێران درێژخایەن نابێت و پێویستیشمان بە دابەزاندنی هێز لەناو ئێران نابێت، سەربازەکانمان پۆستاڵ لەسەر زەوی دانانێن.

هەروەها، موجتەبا زولنور، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاندووە: ئەگەر ئەمریکا هێرشمان بکاتە سەر، تەمەنی ئیسرائیل نیو کاتژمێر ناخایەنێت.

س.ح