سوپای پاسداران: ناوچەکە جێ ناهێڵین

جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە مەراسیمی ساڵیادى شۆڕشی گەلانی ئێران کە حکومەت پێی دەڵیت 'شۆڕشی ئیسلامی' ڕایگەیاند ناوچەکە جێی ناهێڵین و ئەوە هێزە ڕۆژئاواییەکانە دەبێت ناوچەکە جێبهێڵن.


ئەمڕۆ حسێن سەلامی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، لە مەراسیمی ساڵیادى شۆڕشی گەلانی ئێران کە حکومەت پێی دەڵیت؛ 'شۆڕشی ئیسلامی'، ڕایگەیاندووە کە سیاسەتەکانی ئێران جێگیر نییە و بەپێی هەڵسوکەوتی دوژمنان دەگۆڕێت، دوژمن داوا لە ئێمە نەکەن ناوچەکە جێی بهێڵین، چونکە ئەوانن، کە دەبێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبهێڵن.

ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران هەڕەشەشی لە هێزە ڕۆژئاواییەکان کردووە و وتوویەتى: ئێمە لە دوورترین شوێنەکان بەرامبەر دوژمن دەوەستینەوە، تەنانەت ئەو شوێنانەی، کە بیری لێناکەنەوە.

ئەم قسانەی سەلامی لە کاتێکدایە کە چەندین جار کاربەدەستانی حکومەتی ئێران ڕایانگەیاندووە، کە هیچ هێزێکیان لەناوچەکەدا نییە و ئەوانەش کە هەن وەک ڕاوێژکار کار دەکەن و ڕۆڵی سەربازییان نییە.

د.ع