سیستانی جەخت لە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ دەکاتەوە

عەلی سیستانی مەرجەعی، باڵای شیعەکان لە عێراق داوا لە لایەنە سیسیەکان دەکات، دۆخی ئێستای عێراق هەست پێ بکەن و بە گیانێکی بەرپرسیارانە وڵات لەم دۆخە نالەبارە ڕزگار بکەن، جەختیش لە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ دەکاتەوە.


عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە پەیامی ئەمڕۆیدا کە لەلایەن نوێنەرەکەیەوە لە بەغدا لە کاتی نوێژی هەینیدا خوێنرایەوە هاتبوو: مەرجەعی دینی جەخت لە بنەمای گرنگی ڕێزگرتنی سەروەری عێراق و سەربەخۆیی لە بڕیاری سیاسی و یەک پارچەیی خاک و گەل دەکاتەوە، هەروەها بە هەموو شێوەیەک ڕەتیدەکاتەوە دەست بۆ ئەو بنەمایانە ببرێت لەلایەن هەر کەس و لایەنێکەوە بێت، بە پێویستیشی دەزانێت خۆپیشاندەران مومارەسەی ئازادی ڕادەربڕین بکەن بەشێوەی ئاشتییانە و لەو چوارچێوەیەشدا داواکارییەکانیان بگەیەنن تا وڵاتەکە دووربێت لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی.

هەروەها مەرجەعی دینی جەخت لە پێویستی ئەنجامدانی چاکسازی و بەدەمەوەهاتنی داواکاری خۆپیشاندەران دەکاتەوە بە کەمترین قوربانیدان.

لە پەیامەکەدا هاتبووش: جەخت لە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ دەکاتەوە کە ئێستا زۆر لە وادەی خۆی دواکەوتووە، داواش لە لایەنەکان دەکات لەگەڵ یەک بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ چارەسەکردنی هەرچی زووتری ئەو دۆسیەیە کە لە هەموو شتێک ئێستا گرنگترە.

سیستانی لە پەیامەکەیدا جارێکی دیکە داوای لە تەواوی لایەنە عێراقییەکان کرد هەست بە مەترسییەکانی دۆخی ئێستای وڵات بکەن لەم کاتەداو کێشەکان بە ڕێککەوتن چارەسەر بکەن.

پەیامەکەی سیستانی لە کاتێکدابوو سەدان هەزار کەس لە لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە بەغدا لەسەرشەقام بوون و گردبوونەوەیان دەکرد.

ک.س