سەدر بۆ عەبدولمەهدی: ئازادیت لە هەڵبژاردنی کاندیدی وەزارەتەکان

موقتەدا سەدر نامەیەک ئاراستەی عادل عەبدولمەهدی دەکات و پێی ڕادەگەیەنێت، ئازادە لەوەی کام کاندید بۆ وەزارەتەکان دیاریی دەکات، هاوکات جەختیش دەکاتەوە بۆ پۆستی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی، پێویستە "ئەو سەرکردە ئازایانە لەبیرنەکرێن کە شەڕی داعشیان کردووە".


لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت سبەینێ لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاقدا وەزارەتە پڕنەکراوەکانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق پڕ بکرێنەوە، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لەوبارەیەوە نامەیەک ئاراستەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکات.

لە نامەکەدا، کە میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردوەتەوە، سەدر داوا لە عەبدولمەهدی دەکات گوێنەدات بەو شتانەی لەپشت پەردەوە بۆ دابەشکردنی پۆستەکان دەگوزەرێن، سەرپشکی دەکات لە دیارییکردنی هەر کاندیدێک بۆ ئەو هەشت وەزارەتەی هێشتا بێ وەزیرن.

لەبارەی پۆستەکانی وەزیری ناوخۆ و وەزیری بەرگرییەوە، موقتەدا سەدر لە نامەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە پڕکردنەوەی بۆ ئەو پۆستانە نابێت "کەسە ئازاکان" کە خاکی عێراقییان لە دەست داعش ڕزگارکردووە، لەبیربکرێن، جەختیشدەکاتەوە "ئەوانە لە پێشەوەن بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پۆستانە".

لە کۆی ٢٢ وەزارەتی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی، تا ئێستا هەشتیان بێ وەزیرن، ئەویش بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان لە دیارییکردنی کاندید بۆ ئەو وەزارەتانە کە ئەوانیش بریتین لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگریی، داد، پەروەردە، خوێندنی باڵا، ڕۆشنبیریی، کۆچ و کۆچبەران و پلاندانان.

د.ع