سەدر داوای داخستنی ئاسمانی عێراق بەڕووی داگیرکەراندا دەکات

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، داوای داخستنی ئاسمانی عێراق بەڕووی فڕۆکە سەربازی و هەواڵگریی و سیخوڕییەکانی داگیرکەراندا دەکات و جەختیشدەکاتەوە کە دەبێت هێزە بیانییەکان لە عێراق بچنە دەرەوە، لەئێستاشدا خۆپیشاندان لەبەغدا بە بەشداری سەدان هەزار لایەنگری سەدر بەردەوامە.


سەدر لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردەوە دەڵێت: دەبێت تەواوی هێزە بیانیەکان لەسەر خاکی عێراق بچنە دەرەوە و ئاسمانی عێراقیش بەڕووی فڕۆکە سەربازییەکانی وڵاتان دابخرێت.

لە بەیاننامەکەدا چەند داواکارییەک ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا و هێزە بیانییەکان کراوە، لەوانەش:

یەکەم: داخستنی تەواوی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق

دووەم: داخستنی بارەگای کۆمپانیا ئەمنییەکانی ئەمریکا و کۆتاییهێنان بە کارەکانیان لە عێراق.

سێیەم: داخستنی ئاسمانی عێراق بەڕووی فڕۆکە سەربازی و هەواڵگریی و سیخوڕییەکانی داگیرکەر.

چوارەم: هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ڕێککەوتنە ئەمنییەکان لەگەڵ وڵاتانی داگیرکەر، بەهۆی نە پاراستنی هاوسەنگی نێودەوڵەتی تیایاندا.

پێنجەم: لەسەر ترامپ پێویستە بڕیارو لێدوان لەبارەی عێراقەوە نەدات

شەشەم: پێویستە وڵاتان دەستوەردانەکانیان لە عێراق کۆتایی پێ بهێنن و مامەڵە داگیرکارییەکانیان لەگەڵ عێراق کۆتایی پێبهێنن.

لەگەڵ ئەوەشدا سەدر داوای ڕاگرتنی سەرجەم ڕووبەڕووبونەوەکان دەکات تا چوونەدەرەوەی دوایین سەرباز لەخاکی عێراق.

داواشدەکات، حەشدی شەعبی پەیوەست بکرێت لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و پابەند بێت بە بڕیارەکانی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوپاوە.

ک.س