سەدر لەسەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک هاتە دەنگ

ڕابەری ڕەووتی سەدر ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەکات بۆسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و داوا لە حکومەتی عێراق دەکات "ئەو ڕێککەوتنانە هەڵوەشێنێتەوە، کە مایەی هەڕەشەن بۆ سەر سەرەوەریی عێراق".


شەوی ڕابردوو، موقتەدا سەدر، ڕابەری ڕەوتی سەدر، لە توویتێکدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر، هەڵوێستی خۆی دژ بە بۆردوومان و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی باشوری کوردستان دەربڕی.

ڕابەری ڕەوتی سەدر لە پەیامەکەیدا، ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەکات بۆسەر خاکی باشوری کوردستان و بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق ناوی دەبات، داوا لە حکوتی عێراق دەکات، کە ئەو ڕێککەوتنانە هەڵوەشێنێتەوە کە سەروەریی خاکی عێراق دەخاتە مەترسییەوە، هەروەها داوادەکات خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر تورکیا بەکارنەیەت.

سەرۆکی ڕەوتی سەدر، لە تویتەکەیدا سێ جار لەبارەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە وشەی "ڕێککەوتن" بەکاردەهێنێت، جارێک دەڵێت: ئیدانەی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەین کە دەیکاتە سەر خاکی عێراق، ئەگەر بە ڕێککەوتنش بێت، چونکە ئەو ڕێککەوتنانە شەرمنانە و بێ واتایە.

جارێکی دیکەش ڕووی دەم لە حکومەتی عێراق دەکات و جەخت لە هەڵوەشاندنەوەی "تەواوی ئەو ڕێککەوتنانە" دەکاتەوە، کە هەڕەشەن بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق و دەڵێت: حکومەتی عێراق ئەرکیەتی کە سەروەریی خۆی بپارێزێت.

 لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەدر بۆ جاری سێیەم باسی  ڕێککەوتن دەهێنێتەوە ناو پەیامەکەی و دەڵێت: دەبێت ڕێککەوتنەکان لە بەرژەوەندی ھەردوولابێت، کە بۆردوومانی تیرۆرستان بکرێت، نەک ئۆپۆزسیۆن لە ھەردوو وڵات.

موقتەدا سەدر داواش لە حکومەتی تورکیا دەکات، کە بەشێوەیەکی ئاشتەوایی و لەسەر بنەمای دانووستانێک، کە سەلامەتی و ئازادیی ڕادەربڕین لە ھەردوولا بپارێزرێت، بەڕێگایەکی سەردەمیانە و لۆژیکی، کۆتایی بە دۆسیەی ئۆپۆزسیۆن بهێنێت.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، ڕابەری ڕەوتی سەدر هۆشداریی دەدات، کە "ناوچەکە لە حاڵەتی کوڵاندایە، بۆیە پێویست ناکات لەوە زیاتر ڕێگا بدرێت بە بۆردوومانکردنی ناوچە سنوورییەکان، یاخود ھەر کردەوەیەک کە پاراستن و ئاسایش تێکبدات".

باڵیوزی دەوڵەتی تورک ناڕەزایەتیی نیشاندا

دوای پەیامەکەی سەدر، فاتح یڵدز باڵیۆزی دەوڵەتی تورک لە بەغدا، لەسەر تویتەرەکەی ناڕەزایەتیی نیشاندا و بانگەشەی ئەوەی کرد کە 'پەکەکە ئۆپۆزیسیۆن نییە'.

د.ع