سەرچەتەی داعش لە ئەفغانستان دەستگیرکرا

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەفغانستان ڕایگەیاند: ئسلەم فاروقی سەرچەتەی لقی خۆراسانی داعش لەگەڵ ١٩ چەتەی دیکە دەستگیرکراون.


ئەمڕۆ لەسەر دەستگیرکردنی سەرچەتەی داعش لە ئەفغانستان، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەفغانستان ڕاگەیاندراوێکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:"عەبدوڵا ئورکەزی ناسراو بە "ئسلەم فاروقی" ڕێبەری گروپی داعش- لقی خواراسان، لەگەڵ ١٩ لە هاوکارەکانی لەوانە؛ قاری زاهد و سەیفوڵا ناسراو بە ئەبوتەلحەی پاکستانی، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئامانجدار و دژوار لەلایەن هێزە تایبەتەکانی سەربە ئاسایشی نەتەوەیی ئەفغانستانەوە دەستگیرکراون".

جێگای ئاماژەیە چەتەکانی داعش لە ساڵانی ڕابردوو چەندین جار دژی خەڵکی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان هێرشیان ئەنجامداوە و بە تایبەتی لەم دواییانەشدا، کە بزوتنەوەی تاڵیبان و ئەمریکا ڕێککەوتنی ئاشتییان واژۆ کرد، چەندین هێرشی خۆکوژیی و خوێناوییان ئەنجامداوە.

 

ش.ف