سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق چەند ڕاسپاردەیەکی دەرکرد

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەهاوبەشی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و لێژنەکانی پەرلەمان، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندانەکان چەند ڕاسپاردەیەکیان دەرکرد لەپێناو هیورکردنەوەی دۆخەکەو خۆپیشاندەرانیش ڕایدەگەیەنن، ئەگەر تا چلەی ئیمام حوسێن داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێت خۆپیشاندانی سەرتاسەری ڕادەگەیەنین.


کەمێک پێش ئێستا، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق، چەند ڕاسپاردەیەکی دەرکرد ئەمەش وەکو هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی داواکاری خۆپیشاندەران و هێورکردنەوەی دۆخی خۆپیشاندانەکان.

حەلبووسی چەند خاڵێکی خستەڕوو کە بەشێکیان ئەمانەن:

١-ملیۆنێک و ٢٥٠هەزار کەس بژێوی ژیانیان نی یە، لەگەڵ سەرۆک وەزیران دووپاتمان کردەوە دەبێت موچەیەکی مانگانەیان بۆ ببڕێتەوەو بژێوی ژیانیان دابین بکرێت.

٢-بڕیارمان داوە لەڕێگای وەزارەتەکانەوە هەلی کار زیاد دەکەین.

٣-خانەنشینان دەبێت شوێنێکی شایستەیان هەبێت و بژێوی ژیانیان دابینبکرێت.

٤-بڕێک پارە لە پلە تایبەتەکان کەمدەکرێتەوەو لە سندوقێکدا بۆ دەرچوانی زانکۆو پەیمانگاکان خەرج دەکرێت، دەرچووانی زانکۆو پەیمانگاکان لە ئێستادا ''مینحە''یان بۆ دابین دەکرێت و پاشانیش بە یاسا موچەیان بۆ دابین دەکرێت.

٥-ئەو کۆمپانیایانەی لەبوارەکانی نەوت و وزەو بوارەکانی دیکە کاردەکەن، دەبێت هەلی کار بۆ دەرچوان لە دەرەوەو ناوەوەی وڵات دابین بکەن.

٦-هەڵمەتە سەربازییەکانی ناوچەکان کەمدەکەینەوەو مەرجەکانی جێبەجێکردنی بەڵێندەران بۆ پڕۆژەکان لەپێناو خزمەتکردنی هاوڵاتیان دەبێ جێبەجێ بکرێن.

٧-چاودێری گەندەڵی دەکەین و گەندەڵکاران ڕووبەڕووی یاساو سزادان دەکەینەوە، بەڵێن دەدەین جێبەجێی بکەین.

٨-ئەو کەسانەی خوێنی خۆپیشاندەرانیان ڕژاندووە، دەبێت سزا بدرێن.

٩-پێویستە کەسانی شیاو بۆ پۆستە حکوومیەکان دابنرێت.

محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووپاتی کردەوە، کۆبووەی دیکەیان دەبێت بۆ چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە.

حەلبووسی داواشی لە خۆپیشاندەران کرد، نابێت ڕێگە بدەن یاسا پێشێل بکەن، هەروەها نابێت جیاوازی بکرێت لەگەڵ گەندەڵکاران و تیرۆر.

سەرۆکی پەرلەمانی عیراق لەکۆتاییدا وتی: زۆر دواکەوتین بۆ جێبەجێکردنی داواکاری هاوڵاتیان و ئیدی چاکسازی دەستپێدەکەین.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نوێنەری خۆپیشاندەران لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان، نوێنەری خۆپێشاندەران ڕایگەیاند، ئەگەر تا چلەی ئیمام حوسێن داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێن، ئەوا خۆپیشاندانی سەرتاسەری ڕادەگەیەنن.

ب.ش