سەرۆک کۆمار:عێراق دەیەوێت ببێتە ناوەندێکی ئاشتی

بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، لەمیانی پێشوازیکردنی لەوەزیری دەرەوەی قەتەر، ئاماژەی بەوەکردووە، کە عێراق دەیەوێت ببێت بە هۆکاری ئارامی و ناوەندێکی ئاشتی لە ناوچەکەدا، ھاوکات پشتیوانی یەکخستنی هەوڵەکان دەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ئێستا، بەجۆرێک گەلانی ناوچەکە لە ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا بژین.


 بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق، ئەمڕۆ دکتۆر بەرهەم ساڵح. لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکردووە لە جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر شێخ محمد کوڕی عەبدولرەحمان-ی دووەم.

لە دیدارەکەدا بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و جیھان و چۆنیەتی ئارامکردنەوەی دۆخەکە گفتوگۆی لەبارەوە کرا بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، ھەروەھا جەختکراوەتەوە لە پێویستی دان بەخۆدا گرتن و پەنابردن بۆ زمانی دیالۆکی ژیرانە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی گرژی و پەرەسەندنەکان.

هەر لەدیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردووەتەوە، کە عێراق هەوڵ دەدات ببێت بە هۆکاری ئارامی و ناوەندێکی ئاشتی لە ناوچەکەدا، ھاوکات پشتیوانی یەکخستنی هەوڵەکان دەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ئێستا، بەجۆرێک گەلانی ناوچەکە لە ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا بژین.

لە لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی قەتەر دووپاتی لە دۆخی هەستیاری  ئێستا کردەوە و ئاماژەی بە گرنگی هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەگەڵ لایەنە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان کرد لە پێناو گەشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە کە ئاسایش و ئارامی ناوچەکە بپارێزێت.

هەر لە دیدارەکەدا چۆنیەتی گەشەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و قەتەر گفتوگۆی لەبارەوە کرا، بەجۆرێک ئەو پەیوەندییانە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو گەلی برا بکات.

د.ع