سەرەڕای ئاستەنگییەکان پەرلەمانتارانی هەدەپە پەیامەکەیان خوێندەوە

سەرەڕای ئاستەنگییەکانی پۆلیسی تورکیا، پەرلەمانتارانی هەدەپە ویستاین لە مەیدانی تەقسیم بەرەو مەیدانی گالاتاسرای ڕێپێوانیان بکەن، سەرەڕای هەموو هەوڵەکان پۆلیس ڕێگەی نەدا ڕێپێوانەکە ئەنجامبدرێت و هەر لەوێ هاوسەرۆکی هەدەپە قسەیکرد و وتی: ئەگەر دەتانەوێ وێنەی گۆشەگیری ئیمرالی ببینن، ئەمە وێنەکەیەتی.


پەروین بوڵدان و سەزای تەمەلـلی هاوسەرۆکانی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان هاوڕی لەگەڵ پەرلەمانتارانی هەدەپە ویستیان لەدژی گۆشەگیری عەبدوڵا ئۆجالان و پشتیوانی لە لەیلا گوڤەن ڕێپێوانێک لە مەیدانی تەقسیم بەرەو مەیدانی گالاتاسرای ئستەنبول بەڕێوە بەرن، بەڵام هێزەکانی پۆلیسی تورک ئاستتەنگییان بۆ ئەو ڕێپێوانە دروست کرد و هەڕەشەیان لە پەرلەمانتاران کرد.

لەکاردانەوەی دژی کردەوی پۆلیسی تورک، میدحەت سەنجەر پەرلەمانتاری هەدەپە ڕوو لە پۆلیسەکان وتی:"ئەردوغان دوێنی لە کۆڵانەکان بەڕێ کەوت و پیازی لەناو خەڵکدا دابەش دەکرد، داخۆ کاتێک بابەت سەرۆک کۆمار بێت مەرجەکانی قەدەغەکردن و ئاستتەنگ کردن جێبەجێ ناکرێت؟".

پەرلەمانتارانی هەدەپە کە پانکاردی بە وێنەی لەیلا گوڤەن و نوسراوی "با گۆشەگیری بشکێت و لەیلا بژێت" لەبەر کردبوو، دوای ئاستتەنگییەکان لە بەردەم هۆتیل هیل-ی تەقسیم لێدوانیاندا و لەوێ بۆ شەرمەزارکردنی ئاستتەنگییەکان دانیشتن.

هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە سەزایی تەمەلـلی قسەیکرد و وتی: چالاکییەکەمان بۆ پشتیوانی لە لەیلا گوڤەنە، کە ٩٦ ڕۆژە مانی لەخواردن گرتووە، ویستمان بچینە مەیدانی گالاتاسرای بەڵام ئاستتەنگییان دروستکرد، ئێمە لەم وڵاتە کۆماری دیموکراتی و مافی مرۆڤ دەپارێزین، بۆیە پێویستە دەمەودەست گۆشەگیری لاببرێت، پێویستە هەر زیندانییەک لەگەڵ خانەوادە و پارێزەرەکانی دیدار ئەنجام بدات، بەڕێز ئۆجالانیش لەمافەکانی بێبەش بووە، ئەمە پێشلکردنێکی گەورەی یاسایە.

هاوسەرۆکی هەدەپە هەروەها وتی: ئەگەر دەتانەوێ وێنەی گۆشەگیری ئیمرالی ببینن، ئەمە وێنەکەیەتی، ئێمە وێنەکەیمان نیشاندا، بەو گەمارۆیە لە مەیدانی تەقسیم، یاسا و حقوق ناناسن، گۆشەگیری ئەمەیە، ئەمە ٩٦ ڕۆژە لەیلا گوڤەن ئەوە نیشان دەدات، گوێ نەدان بە یاسای بنەڕەتی تاوانە، ئێمە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان بۆ ئەوەی دەنگما ن بخەینە پاڵ دەنگی لەیلا گوڤەن.

دواتر، پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە وتی: ڕێپێوانەکەی ئێمە بە فەرمانی سولێمان سۆیلو وەزیری ناوخۆ ئاستتەنگ کرا، پێویستە بزانێت کە مرۆڤ بە ئاستتەنگ کردنی ڕێپێوانی پەرلەمانتاران بە پیاو نابێت، ئەم کارە دژی یاسایە، مرۆڤایەتی ئەوەیە کە مردن ئاستتەنگ بکەی، با کاربەدەستانی تورکیا بزانن کە ئێمە تێکۆشانمان بەردەوام دەکەین، ئەمە ٤٠ ساڵە بۆ ئاشتی، ئازادی و دیموکراسی تێکۆشان دەکەین، ئێمە ڕێگامان ناگۆڕین، بۆ ئەوەی دادپەروەری و ئازادی بگەڕێتەوە ئەم وڵاتە ئێمە هەموو جۆرە بەهایەکمان داوە، لەمەودواش بەها دەدەین.

دوای قسەکانی هاوسەرۆکانی گشتی هەدەپە، پەرلەمانتاران چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا، کە هەر لەو کاتەشدا هێزەکانی پۆلیس پەرلەمانتارانیان گەمارۆ دابوو، هاوکات پەروین بوڵدان پەیوەندیی تەلەفۆنی بە لەیلا گوڤەنەوە کرد و وتی، هەموو پەرلەمانتارەکان سڵاوت لێدەکەن و لە ئامێزت دەگرن، پاشان کۆتایی بە چالاکییەکە هات.

س.ح