سەعد حەریری چاکسازیی ئابوریی پەسەندکرد

سەرۆک وەزیرانی لوبنان دوای شەش ڕۆژ لە خۆپیشاندانەکان دژی گەندەڵی لە وڵاتەکەی، بەڵگەی چاکسازی ئابوریی پەسەند کرد.


خۆپێساندانەکانی لوبنان چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو دژی دانانی باج لەسەر تۆڕە پەیوەندییەکان دەستیپیکرد و ماوەی شەش ڕۆژە بەردەوامە.

ڕاگەیاندنەکانی لوبنان ژمارەی خۆپێشاندەران بە یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس هەژمار دەکەن، کە لە زۆربەی شارەکانی لوبنان لەوانە؛ بەیروت، بەعەلبەک، سەیدا و هتد ...، ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی لوبنان دەکەن.

دوای چەند ڕۆژ لە دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکان، ڕۆژی هەینی حکومەت پێشنیارێکی چاکسازی ئامادەکرد و ئەمڕۆ لە دانیشتنی دەستەی وەزیران پەسەندکرا.

خۆپیشاندەران لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕایانگەیاند:"باوەڕیمان بە چاکسازی ئێوە نییە، داوا دەکەین حکومەت هەڵبووەشێتەوە و بەپەلە حکومەتی کاتی دابمەزرێت و هەڵبژاردن بکرێت، ناڕەزایەتییەکانمان بەردەوام دەبێت و دژی گەندەڵی تێکۆشان دەکەین.

لە دەستپێکی خۆپێشاندانەکانەوە تا ئێستا، چوار وەزیر لە پارتی مەسیحیانی مارونی و پارتی هێزە لوبنانییەکان کە لە هاوپەیمانانی سونەی سەعد حەریرین، دەستیان لەکار کێشاوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە نافەرمییەکان، لە دەستپێکی خۆپێشاندانەکانەوە تا ئێستا، نزیکەی ٣٠٠ خۆپیشاندەر دەستگیروزیندانی کراون، بەڵام کاربەدەستانی دەوڵەت دەڵێن تەنیا ٧٠ کەسیان دەستگیرکردووە.

س.ح