سەعید ساعدی: پێویستە کورد خۆى نەکاتە قوربانى گەمەى ئەمریکا و ئێران

سەعید ساعدی، ئەندامی کەنەکە، پێیوایە ئامانجی ئەمریکا لە گەمارۆکانی سەر ئێران ئەوەیە کە بە دروستکردنی فشار، گەلان بکەونە جوڵە و خۆپیشاندان بکەن، بەوکارەش دەیەوێت بگەن بە بژاردەی گۆڕینی ڕژێم، ئاشکراشیکرد کە لەکۆنگرەی کەنەکە داواکرا ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆی بۆ گۆڕانکارییەکی جدی لەناوچەکە ئامادەبکات، دەشڵێت: پێویستە کورد خۆى نەکاتە قوربانى گەمەى نێوان ئەمریکا و ئێران.


ڕۆژنیوز چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سەعید ساعدی، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد-کەنەکە کردووە، لەبارەی گەمارۆکانی سەر ئێران قسەیکرد، ئەو پێی وایە ئێران هەوڵدەدات فشارەکانی گەمارۆکە بگوازێتەوە سەر گەلانی ئێران، چونکە هەمیشە فشارە دەرەکییەکانی گواستووەتەوە بۆ ناوخۆ و بەسەر خەڵکیدا سەپاندووە.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

- بە ڕای ئێوە گەمارۆکانی ئەمریکا چ کاریگەرییەکی دەبێت لە سەر داهاتووی ئێران؟ 

"ئاماجی ئەمریکا ئەوەیە بە دروستکردنی فشار لەسەر ئێران گەلان خۆپیشاندان بکەن"

سەعید ساعدی: بێگومان ئێران لەو ماوەیە توانیویەتی لە بواری داراییەوە خۆی بەهێز بکات و هێندەش پاشکەوتی هەبێت کە ئەو گەمارۆیانە کاریگەریی لەسەر خۆدی دەوڵەت و حکومەت و هێزە سەربازییەکانی وەکو سوپای پاسداران نەکات، بێگومان ئەو فشارە ئابوورییە دەکەوێتە سەر گەلانێک کە لە چوارچێوەی جوگرافیای ئێران دەژین، کە ئامانجی زلهێزەکانی وەک ئەمریکا هەر ئەوەیە کە بە دروستکردنی ئەو فشارانە، گەلان بکەونە جوڵە و خۆپیشاندان بکەن و سەرهەڵدان بکەن، بەو کارەش دەیانەوێت بگەن بە بژاردەی گۆڕینی ڕژێم، بەڵام چەند سەرکەوتوو دەبێت، ئەوە نادیارە. 

 

- دەسەڵاتدارانی ئێران هەر لە دەستپێکەوە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گەمارۆکان کاریگەرییان لەسەر ئابووریی ئێران نابێت، بە ڕای ئێوە ئەوە تا چەند ڕاستە؟ 

"ئێران بە هێنانەوەی هەندێک ئایەتی پیرۆز فشارەکان دەگوازێتەوە بۆسەر گەلەکەی"

سەعید ساعدی: ئێمە دەزانین کە گەورەترین داهاتی ئێران لەڕێگەی فرۆشتنی نەوت بەدەستدێت، کە بەداخەوە بەشی هەرەگەورەی ئەو داهاتە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، لەلایەن سوپای پاسداران و دەزگای سیخوڕیی ئێران خەرجدەکرێت، لە بەرەیەک بە ناوی پارێزگاریی لە "ویلایەتی فەقیهـ"، هەروەک دەزانن ٤ی نۆڤەمبەر ساڵیادی داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکایە لە تاران و بەدیلگرتنی دیپلۆماتکارەکانی بوو لە ساڵی 1980، جێبەجێکردنی گەمارۆکانیش بە شێوەیەکی ڕەمزی خراوەتە ئەو ڕۆژە وەک کاردانەوە و وەڵامدانەوەیەک بەو کردەوەیەی ئێران، بێشک گەمارۆکان کاریگەریەکی زۆر گەورە دروستدەکات لەسەر ئابووریی ئێران و قەیرانێکی یەکجار سەرەکی بۆ ئابووریی ئێران دەخوڵقێنن، بەڵام بێگومان حکومەتی ئێران بە هێنانەوەی هەندێک ئایەتی پیرۆز ئەو فشارە دەگوازێتەوە بۆسەر گەلەکەی خۆی و ناچاریان دەکات بە خواردنی نانی وشک، بۆ ئەوەی لەو قەیرانە دەربازی بێت، بەڵام ئەوەش دیار نییە گەل جارێکی دیکە بەرژەوەندیی خۆیان لە مانەوەی کۆماری ئیسلامی ببینن و بەرگەی ئەو فشارانە بگرن یان نا، ئێران هەمیشە فشارە دەرەکییەکانی گواستووەتەوە بۆ ناوخۆ و بەسەر خەڵکی سەپاندووە. 


- حەسەن ڕوحانی دەڵێت "شکست بە گەمارۆکان دێنین" بە ڕای ئێوە ئێران لە ڕیگەی روسیا و چین-ەوە دەتوانێت ڕێگەیەک بو بێکاریگەرکردنی گەمارۆکان بدۆزێتەوە؟

"جیاوازیی زۆر لەنێوان قسەکانی دەسەڵات و دەوڵەت لە ئێران هەیە"


سەعید ساعدی: وەک دەزانرێت جیاوازیی زۆر هەیە لەنێوان قسەکانی ڕوحانی وەک دەوڵەت و قسەکانی دەسەڵاتی ئێران، بۆ نموونە ئێمە دەبینین ڕوحانی و کابینەکەی بەردەوام بە دوای دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا دەگەڕێن تا بیسەلمێنن ڕێککەوتنی ئەتومیی (بەرجام) وەکخۆی ماوەتەوە و وەک سەرکەوتنێک بۆ خۆیان تۆماری بکەن، لە بەرامبەردا خامنەیی وەک ڕێبەری ئێران بەردەوام ئەوە دەڵێت کە کەس بۆی نییە بەدوای سازاندا بگەڕێت لەگەڵ ئەمریکا، بە ڕاشکاوی ئەو دووبەرەکییە هەیە لە نێوان دەوڵەت و دەسەڵات دەبینرێت، بۆیە دەبێت چاوەڕێی هەڵوێستی دەسەڵاتی ئێران بین. 


- بە سەرنجدان لە سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکە و هەروەها ئەو ١٢ خاڵەی ئەمریکا وەکو مەرج بۆ دانوستان دیارییکردووە، ئەگەری ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا چەندە بەهێزە؟ 

"ئەگەر کورد وەکو فاکتەرێکی بەهێز بمێنێتەوە ڕووداوەکان بە قازانجی دەشکێنەوە"
سەعید ساعدی: هەمیشە ڕێککەوتنەکان بە پێی ئەوەیە چەندت بەرکەوتبێت لە سیاسەت-بزنسی نێودەوڵەتیدا، ئەگەر ئەمریکا خەریکە لە ناوچەکە فشار دەخاتە سەر ئێران، لەبەر دوو بەرژەوەندیی سەرەکییە، یەکەمیان بەرژەوەندیی سعودیە و دووەمیان بەرژەوەندیی ئیسرائیل، هاوپەیمانیەتییەکی ستراتیجیی یەکجار گەورە هەیە لەنێوان ئیسرائیل و سعودیە لەگەڵ ئەمریکا، کە ئەمریکا خەریکە گەورەترین قازانج لەم بابەتە دەکات، ئەگەر پاشەکشەی ئێران لە ناوچەکە بە قازانجی ئیسرائیل و سعودیە تەواو بێت، کەواتە ڕێککەوتنەکە بۆخۆی ڕوویداوە، واتا ئەمریکا بەو کارە دەتوانێت دووبارە داهات لە ئیسرائیل و سعودیە بەدەستبێنێت، هەندێک نیشانە هەن کە ئێران ئامادەیە بۆ ئەو کارە، کە هێزەکانی لە سوریا و یەمەن بکێشێتەوە، بەڵام ڕوسیا و تورکیا نایانەوێت ئێران ئەو کارە بکات، واتا ئەوان ئێران بەکاردێنن بۆ ئەوەی لە سوریا نەیدۆڕێنن، ئێمە دەبینین ئەردۆغان هێرشێکی زۆر دەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و دەیەوێت ئێران بخاتە شەڕێکی گەورەوە لەگەڵ کورد، بۆ ئەوەی سەرکەوتن لە مەیدانی سوریا بەدەستبێنێت، کەواتە ڕێککەوتن بەندە بە سەرکەوتن یان شکستی ئێران لە سوریا، کە ئەمەش گرێدراوی پاراستن یان نەپاراستنی بەرژەوەندییەکانی سعودیە و ئیسرائیلە لە ناوچەکە، بەڵام ناتوانین پێشبینیی بکەین و دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکەین کە کام لەم باڵانە دەتوانن لە مەیدانی سوریا سەرکەوتن بەدەستبێنێت، بەڵام مەرجی سەرەکیتر ئەوەیە کە کورد چەند ئامادەیە لەو مەیدانە و وەک فاکتەرەکی سەرەکی بێتە مەیدان و نەبێتە بەشێک لە پیلانی روسیا و تورکیا و ئێران و هەروەها نەبێتە بەشێک لە پیلانی ئەمریکا، چونکە ئێمە لە دۆسیەی عەفرین و کەرکوک بینیمان کە ئەمریکا پشتی کوردی بەردا، بۆیە پێویستە وەکو فاکتەرێکی بەهێز بمێنێتەوە و بەرخۆدانی خۆی بکات، ئەگەر ئەوە ڕووبدات، ڕووداوەکان بە قازانجی کورد دەشکێنەوە. 

- ئەگەر کاریگەریی گەمارۆکان زۆر بن لەسەر ئێران و لاوازی بکەن، هەڵسوکەوتی لەگەڵ کورد دەگۆڕێت یان نا؟ 

" دەسەڵاتدارانی ئێران دەزانن هەرجۆرە کرانەوەیەکی سیاسی بەواتای نەمانی کۆماری ئیسلامی دێت"

سەعید ساعدی: ئایدۆلۆژیای سەرەکیی کۆماری ئیسلامی هێشتنەوەی (ویلایەتی فەقیهـ)ـە، بۆ ئەمەش کە باڵی هاویشتووەتە وڵاتانی دیکە بۆ پاراستنی ویلایەتی فەقیهـ، ئەگەری ئەوە هەیە کە فشاری زیاتری بکەوێتە سەر و ناچاربێت ئەمجارە نەک لە سوریا، بەڵکو لە سنوورەکانی نزیکتر پارێزگاریی لە ویلایەتی فەقیهـ بکات، بەڵام لە بیرمان نەچێت لە عێراق دەسەڵاتی هەیە و بۆیە لەوانەیە لە عێراق بەرگری لەخۆی بکات، ئەمریکا هەندێک یاریی سیاسیی کرد لە دانانی سەرۆک کومار و سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڵام هێندەی ئێران بەهێزنیە لەناو عێراقدا و ململانێی ئێران و ئەمریکا بەردەوام دەبێت، بۆیە هێشتا ئێران دەتوانێت لە عێراق پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی بکات. 

پێویستە بزانین سەرکەوتنی کورد لە ڕۆژئاوا سەرکەوتنی کوردە لە ناوچەکە، بۆیە هەر پاشەکشەیەک کە ئێران لە ڕۆژئاوا بیکات، پێویستە لە ڕۆژهەڵاتیش بیکات، بەڵام ئایا ئێران ئامادەیە بەبێ شەڕ ئەو بوارە بە گەلانی ناوخۆی ئێران و بەتایبەت بە کورد بدات؟ دەسەڵاتدارانی ئێران ئەوە دەزانن هەرجۆرە کرانەوەیەکی سیاسی بە واتای نەمانی کۆماری ئیسلامی دێت. 

- کاریگەری گەمارۆکان لەسەر ڕۆژهەڵاتی کودستان چۆنە؟ سفرەکانیان بچووک ناکاتەوە؟ ئایا ئەوە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی گەل؟

" ئەگەری سەرهەڵدان لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵات لە بەرامبەر فشارەکان زۆرتر دەبێت"

سەعید ساعدی: بە پێی ئامارەکان، پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلام لە هەژارترین پاریزگاکانی ئێرانن و رێژەی بێکاری تیایاندا بەرزترینە و ڕێژەکەش ڕوو لە زیادبوون دەکات، بە دەستپێکردنی گەمارۆکانیش ئەو کێشانە چەندقات زیاتر دەبن، بۆیە ئەگەری سەرهەڵدان لە بەرامبەر ئەو فشارانە زۆرتر دەبێت. 

ئێران ئێستا بە دوای لایەن، وڵات، یان گەلێکدا دەگەڕێت کە بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر خۆی و دروستکردنی خۆراکی سیاسیی ناوخۆیی شەڕیان پێ بفرۆشێت، بەردەستترین گەلیش بۆ ئێران گەلی کوردە کە بیکاتە بیانوو بۆ مەترسی لەسەر سەروەریی خاکی خۆی و بە سەرکوتکردنی کورد گەلانی تر چاوترسێن بکات و ئارامیان کاتەوە، بۆیە پێویستە گەلی کورد نەکەوێتە ناو ئەم گەمەیە و نەبێتە قوربانیی سیاسەتی بەرژەوەندیخوازییەکانی ئێران، هەرچەند کورد ئێستا ئەو توانایەی هەیە کە شار و گوندەکانی خۆی کۆنترۆڵ بکات و بەڕێیانەوە بەرێت، بەڵام ئەمجارە پێویستە ڕێگە بدرێت بە گەلانی دیکەی ئێران کە ساڵانێکە بە شانوباڵی کۆماری ئیسلامییدا هەڵیانداوە و بەشدارییان کردووە لە یاریی نێوان بناژۆخوازەکان و ڕیفۆرمخوازەکان، ڕێگەیان پێبدرێت بێنە مەیدان و بزانن گەلی کورد چییان چێشتووە لەو ساڵانەدا و بگەن بە حیکایەتێکی هاوبەش، کە نەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران و سیستمەکەیەتی، ئەگەر گەلانی دیکە بەشدارییەکی جددییان هەبێت، گەلی کوردیش هەمیشە ئامادەبووە لە مەیدانەکاندا و ئەمجارەش بە بوونی گەریلا و هێزەکانی دیکە دەتوانن ئەم قوناغە بگوازنەوە. 


- بەم دواییانە کۆنگرەی کەنەکە بەسترا، ئێوە وەک ئەندامی کەنەکە بۆمان باس بکەن لەسەر ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ باسێک کرا؟ 

"لە کۆنگرەی کەنەکە داواکرا ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆی بۆ گۆڕانکارییەکی جدی لە ناوچەکە ئامادەبکات"

سەعید ساعدی: لە گۆنگرەی ئەمساڵی کەنەکە، گرنگییەکی زۆر درا بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەم گرنگیدانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا هەن، بە تێکڕای دەنگ هەموو ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و ئامادەبووان و نوێنەرانی حزبە سیاسیەکان و لە ناویان کەجەکە، کە بەڕێز جەمیل بایک لێدوانێکی ناردبوو بۆ کۆنگرەکە، بە یەکدەنگ گرنگییەکی تایبەتیان داوە بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە خۆی ئامادەبکات بۆ گۆڕانکارییەکی جدی لە ناوچەکە و ئەمەش بە یەکخستنی هێزە سیاسییەکان و یەکخستنی دیپلۆماسی بتوانن کۆدەنگییەک لەناوخۆیاندا دروستبکەن، کە لەهەر هەلومەرجێکدا، بە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، قۆناغەکە ببەنە پێشەوە و بە قازانجی خۆیان بیگوازنەوە و بیشکێننەوە. 

ک.ک