شارەزایەکی سەربازیی وردەکاریی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورک لەهەرێم دەخاتەڕوو

شارەزایەکی سەربازیی، ڕوونیدەکاتەوە، ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەی دەوڵەتی تورک کە بە ئاسمانی باشوردا دەفڕن، لە خاکی باشورەوە ئاڕاستە دەکرێن و دەوڵەتی تورک لە هەرشوێنێک ئارەزووی هەبێت بنکەی کۆنتڕۆڵ دادەمەزرێنێت، دەشڵێت: خەڵک هەیە هاوکارییان دەکەن لە دیارییکردنی ئامانجەکان.


ماوەیەکی درێژە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک بە ئاسمانی ناوچە سنوورییەکانی باشوری کوردستاندا دەسوڕێنەوە، لەئێستاشدا لەناو شارەکان هاوڵاتیان گوێبیستی دەنگی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەبن و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بێئاگایی خۆیان لەوبارەیەوە دەردەبڕن و دەڵێن نازانین ئەو فڕۆکانە چین، ئەوە لەکاتێکدایە هەر کەسێک لە وێنەگرەکانی باشوری کوردستان بیەوێت فڕۆکەی وێنەگرتن بەکاربهێنێت دەبێت مۆڵەت لە ئاسایش وەربگرێت، هەروەها هەر فڕۆکەیەک بەسەر شارەکاندا بگەڕێت دەبێت ڕاداری فڕۆکەخانەکان ئاگاداری بن.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی ژیان، سەرچاوەیەکی ناو پەکەکە ڕایگەیاندووە، کە حکومەتی عێراق بۆی دەركەتووە، توركیا لە سنووری باشوری كوردستان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی نیشان شکێن بەکاردەهێنێت.

سەرچاوەکە ڕاشیگەیاندووە:"بەگوێرەی زانیارییەكانی لیژنەكەی حكومەتی عێراقی، سەرچاوەی هێرشەكان سێ شوێنە، دوو شوێنیان لەناو خاكی هەرێمی كوردستانە، تیایدا فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركی لەنزیك ئامێدی و زاخۆ جێگیركراون".

فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە گۆیژە

ڕۆژی ١٥/١٠/٢٠١٩ لە شاخی گۆیژەی شاری سلێمانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو ئەندامی باڵای کەجەکە بەناوەکانی دەمهات عەگید و جەمیل ئامەد کردە مانج و شەهیدی کردن.

دوای ئەوە ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، کە هێرشەکە بە فڕۆکەی دەوڵەتی تورک ئەنجام دراوە، ڕاشیگەیاند، کە ئاسمانی هەرێمی کوردستان لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقدایە و بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسمانی هەرێمی نەگرتبووە ئەستۆ.

کەجەکەش لە ڕاگەیەندراوێکدا داوایکرد، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی ئاسایش لە ماوەیەکی کورتدا ڕووداوەکە ڕوون بکەنەوە و ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن، کە هاوکاریی میتی تورک دەکەن، بەڵام هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بەرپرسیاری ڕووداوەکە ڕانەگەیەندراوە.

دوای ڕووداوەکەش چەندین جار فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە ئاسمانی سلێمانیی و شارەکانی دیکەی باشوری کوردستاندا سوڕاوەتەوە و هاوڵاتیان هەستیان پیکردووە.

لەم دواییانەشدا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دووجار بۆردوومانی شەنگالی کرد و لە ئەنجامدا سێ شەڕڤان برینداربوون، هەرچەندە هێزە عێراقییەکان لە شوێنی ڕووداوەکە لێکۆڵینەوەیان ئەنجامدا، بەڵام هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەوبارەیەوە نەداوە،

"ئەو فڕۆکانە بەدوای کەسی پاک و وڵاتپارێزدا دەگەڕێن"

عوسمان محەمەد، شارەزای سەربازیی، لەبارەی گەڕانی فڕۆکەی بێفرۆکەوان لە ئاسمانی باشوری کوردستاندا، بە ڕۆژنیوزی وت: گەڕانی فڕۆکە شتێکی سەیر نییە لەم وڵاتە بێخاوەنەی ئێمە، ئەگەر فڕۆکە بە ئاسماندا بسوڕێتەوە ئەوە مانای ئەوەیە کە هێزێکی زۆر و سەربازگەیان لەسەر زەوی هەیە، ئەو فڕۆکانە بەدوای کەسی پاک و وڵاتپارێزدا دەگەڕێن و لەسەر داوای ئەو کەسانە دەسوڕێنەوە کەخۆیان بە بێگانە دەبینن لێرە، وەک پاراستنێکە بۆ ئەوانەی سەر بە میت و تورکن.

وتیشی: گەڕانی ئەم فڕۆکانە شتێکی ئاسایی نییە، دەبێت زۆر بە مەترسی ببینرێت، دەبێت هاوشانی بایکۆتی کاڵای تورکی داوای ڕێگریی لە سوڕانەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دەرکردنی بنکە سەربازییەکانی تورک بکەین لێرە.

عوسمان محەمەد، ئاماژەی بە بوونی بنکەی کۆنتڕۆڵکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کرد لەناو خاکی باشوری کوردستاندا و وتی: ئەو فڕۆکانە لە زەوییەوە ئاڕاستەدەکرێن، لەسەر زەوی و لە هەموو شوێنێکی هەرێمی کوردستان بنکەی کۆنتڕۆڵیان هەیە، هەموو جۆرە فڕۆکەیەک لە زەوییەوە ئاڕاستە دەکرێت، دەبینین لە  شاخی ئەزمەڕ کادیری پەکەکە دەکاتە ئامانج، بەڵێ ئاڕاستەکردنی ئەو فڕۆکانە لە زەویەوەیە، بێجگە لە بنکەی کۆنتڕۆڵ خەڵکیشیان هەیە هاوکارییان دەکات لە دیاریکردنی ئامانجەکەیان.

ئەو شارەزا سەربازییە، باسی لەوەش کرد، کە "ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی دێنە ئێرە لە دروستکراوی تورکەکان خۆیانە، کە کۆمپانیاکانی ئیسرائیلی هاوکارییان دەکات، بە پاتری یان وزەی خۆر کاردەکەن، توانی ئەوەیان هەیە ٢٤ کاتژمێر لە ئاسماندا بمێننەوە، لەهەر شوێنێکیش بیانەوێت دەتوانن بنکەی کۆنتڕۆڵی بۆ دابنێن، کە هەندێک جار بنکەکە لەناو ئۆتۆمبێلێکدا دادەنێن، بەڵام ئەوەی کە ئاشکرایە سێ بنکەی سەرەکییان هەیە، یەکەم بنکەیەکە لە حەریرە، دووەم بنکە لە باتوفە سێهەم لە سلۆپییە لە باکوری کوردستان".

هەرچەند سوڕانەوە و گەڕانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک بەسەر ناوچە سنوورییەکان و شارەکانی هەرێمی کوردستان بووەتە هۆی نیگەرانی هاوڵاتیان و ترس و دڵەڕاوکێی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام هەتا ئێستا نە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و نە حکومەتی ناوەندی عێراق هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان بۆ هاوڵاتیان و میدیاکان نەداوە و هەروەها هیچ هەنگاوێکی پراکتیکیان نەناوە بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوان  و فڕۆکە جەنگییەکانی دیکە.

د.ع