شاناز ئیبراهیم: یەکگرتوویی شکست بە پیلانی دژە تێکۆشەرانی کورد دێنێت

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، پێیوایە، کە بڕیاری دەستگیرکردنی سێ سەرکردەی پەکەکە، "مجامەلەی سیاسیی ئەمریکای خاوەن سیاسەتی بێ ڕوویی بێت لەگەڵ تورکیای گیرۆدە بە قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکیی"، دەشڵێت:"بە بەردەوامیی یەکدەنگیی گەلەکەمان شکست بەو پیلان و بڕیارە دژ بە تێکۆشەرانی کورد دێت".


شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لێپرسراوی ناوەندی دەرەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بە ناونیشانی "کورد شۆڕشگێڕەکانی نافرۆشێت" سەبارەت بە بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ پێدانی پارە لەبەرامبەر زانیاریی دان لەسەر دیارکردنی شوێنی سێ سەرکردەی پەکەکە، بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، کە وێنەیەکی بۆ ڕۆژنیوز نێردراوە، هاتووە:"ھەرچەند بڕیارەکەی ئەمریکا لەم کاتەدا بۆ پێدانی زانیاریی سەبارەت بەشوێنی ھەڤاڵان ( جەمیل بایک ، موراد قەرەیلان ، دوران کاڵکان ) لەبەرامبەر ١٢ ملیۆن دۆلاردا زیاتر وادەردەکەوێ جۆرێک لەمجامەلەی سیاسی ئەمریکای خاوەن سیاسەتی بێ ڕوویی بێت لەگەڵ تورکیای گیرۆدە بە قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکی، بەڵام جێگای ھەڵوێستە و تێڕامانێکی جدییە و ناکرێ نەپرسین ئەو بوێرییەی ئەمریکا لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە کە ھێندە بێمنەتانە مامەڵە بە سێ گەورە شۆڕشگێڕی کوردەوە دەکات؟!".

هەروەها، هاتووە:"دوای دەستگیرکردن و تەسلیمکردنەوەی ئۆجالان لەپلانگێڕییەکی نێودەوڵەتییدا لە ١٥ ی شوباتی ١٩٩٩ ئەمریکا ھیچ کاتێک حاشای نەکردووە و بەڵکو بەئاشکرا چەندینجار دانی بەو ڕاستیەدا ناوە، کە چاوەڕوانی ھەڵوێستێکی جەماوەری بێوێنە و مێژوویی لەوشێوەیە نەبوون چ لەناوخۆی کوردستان چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەرحەق بەو غەدرەی لە ئۆجالان کراوە !!ئەی خێرە دوای ٢٠ ساڵ لەپاڵ درک کردن بەو ھەڵەیەی لەڕابردوودا ئەنجامیداوە جارێکیتر ئەمریکا تێھەڵدەچێتەوە و جورئەت دەکات ھەڕەشەی دەستگیرکردن و لەناوبردنی سەرکردە و شۆڕشگێڕەکانی کورد دەکات !؟".

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، هەر خۆشی وەڵام دەداتەوە و دەڵێت:"بە دڵنیاییەوە دەیڵێم نە ئێستا نە ڕابردووش ھیچ ھێز و دەوڵەتێک جورئەتی ئەوەی نەبووە و نابێت ھەڕەشەی دەستگیرکردنی سەرکردەکانمان و داگیرکردنی خاکەکەمان بکات ئەگەر بەڕوونی درکی بەپەرتەوازەیی و لێک ترازانی ناوماڵی کورد نەکردبێت !!".

لە بەردەوامیی ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت:"وەک چۆن لەکۆبانێ بینیمان یەکگرتوویی و یەک دەنگی گەلی کورد لەڕووی فکری و سیاسی و جەماوەرییەوە لە سەرتاسەری جیھان ھۆکارێکی سەرەکی سەرکەوتنە سەربازییەکانی یەپەگە بوو بەسەر ھێزێکی دڕندە و بێشوماری وەک داعشدا، وەک چۆن بینیمان یەکدەنگی و ھەڵوێستی جەماوەری گەلی کورد سەبارەت بە ھەوڵی دەستگیرکردنی (ساڵح موسلیم) لە ووڵاتی چیک شکستی بەپلانی دەوڵەتانی بەشداری ئەو ھەوڵە ھێنا ئاواش ئەو یەکدەنگی و ھەڵوێستە فراوانەی گەلەکەمان لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو بەردەوامبێت شکست بەپلان و بڕیارە دژ بە تێکۆشەرانی کورد دێت و ھەموو دنیا تێدەگات کە گەلی کورد چیتر ئەو گەلە پەرتەوازە و لاوازەی جاران نییە..!!".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد-دا هاتووە:"ئەگەر بۆ ئەمریکای قازانج ویست و خاوەن سیاسەتی بێ ڕوویی سەرکردەکانی ئێمە نرخیان بە پارە بەراورد بکرێ و بەشێک بن لەمامەڵەی ژێربەژێری سیاسی بەدڵنیاییەوە بۆ ئێمەی کورد بەرگریکردن لەتێکۆشەرەکانمان واجبێکی ئەخلاقی و ئینسانی پیرۆزە و ھەرگیز درێغی ناکەین و دەیسەلمێنین (کورد شۆڕشگێڕەکانی نافرۆشێت)".

ش.ف