شانەیەکی نهێنی داعش بە بڕێکی زۆرچەک و تەقەمەنیەوە دەستگیرکران

قەسەدە ڕایگەیاند: لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی هێزەکانی، لە ناوەندی شاری ڕەقا، شانەیەکی نهێنی چەتەکانی داعشی بە بڕێکی زۆر تی ئێن تی، چەک و تەقەمەنی و پشتێنی خۆکوژییەوە دەستگیرکرکردووە.


ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات - قەسەدە، لەسەر ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی هێزەکانی لە ناوەندی شاری ڕەقا لەدژی شانە نهێنییەکانی چەتەکانی داعش ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە لە شاری ڕەقا، یەکینەکانی ئاسایشمان، دوای چاودێرییەکی دەمدرێژ، شانەیەکی نهێنی داعشیان کە پێکهاتبوون لە شەش ئەندام لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا دەستگیر کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە: لەگەڵ ئەو چەتانەی دەستگیرکراون ژمارەیەک ژن کە لە داگیرکارییەکانی داعش بە دیل کەوتبوونە دەستی چەتەکان، ڕزگارکراون.  

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا ژمارە و ڕێژەیەکی زۆر؛ بۆمب، تی ئێن تی، دژە تانک و چەک و جبەخانە لەوانە؛ ٢٩ فەردە تی ئێن تی کە نزیکەی ٥٠٠ کیلۆگرام بووە، ٦٣ مین، سێ پشتێنی خۆکوژی، ٢٨ بۆمبی دەستی، چەکێکی جۆری کالاشینکۆف، دوو چەکی جۆری AKS، سێ مەخزەنی کلاشینکۆڤ لەگەڵ ٥٠ گولـلە و سێ دەمانچە، دەستیان بەسەردا گیراوە.

ک.س