شیعەکانی عێراق: تێوەگلان لەشەڕی ئەمریکا و ئێران عێراق لەناودەبات

موقتەدا سەدر و ھادی عامری، وەک دوو لە بەرپرسە باڵاکانی لایەنە شیعەکانی عێراق، هۆشداریی لەوە دەدەن، کە نابێت عێراق لە ئەگەری ڕوویدا شەڕی ئێران و ئەمریکادا تێوەبگلێت، پێشیان وایە، لە ئەگەری تێوەگلانی عێراقدا، عێراق لەناو دەچێت.


موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە، لەگەڵ جەنگی ئێران و ئەمریکادا نییە، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەوان لایەنگری ئەوەنیین عێراق بخرێتە نێو ئەو شەڕەوە.

سەدر ڕاشیگەیاندووە:"ئەگەر عێراق ھەڵوێستێکی یەکگرتووی جددی پیشان نەدات، ئەوە ئەو جەنگەی ئەمریکا و ئێران کۆتایی بە عێراق دەھێنێت، لە ئێستادا عێراق و هاوڵاتیانی بەرگەی جەنگێکیتر ناگرن و پێویستیان بە ئاشتی و ئاوەدانکردنەوەیە.

هەروەها هادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح، لەسەر هەمان بابەت ڕایگەیاند: بەرپرسیارییەتی نیشتمانی و ئاینی و ئەخلاقیی ھەموو لایەکمانە کار بۆ دوورخستنەوەی ئاگری جەنگ بکەین لە عێراق و ھەموو ناوچەکە.

عامری باسی لەوەشکردووە، کە نە ئێران نە ئەمریکا خواستی جەنگیان نییە، ئەوەی کە دەیەوێت شەڕ بەرپابکرێت ئیسرائیلە.

س.ح