شینزۆ ئابی دەیەوێت خامنەیی بباتە ژاپۆن

سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن کە دوێنێ گەیشتە تاران و لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران کۆبووەوە، ئێستاش لەگەڵ ڕێبەری ئێران لە کۆبوونەوەدایە، دەوترێت ئابی بەنیازە خامنەیی بباتە ژاپۆن.


ئێستا کۆبوونەوەی شینزۆ ئابی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لەگەڵ عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران دەستیپێکردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ ئابی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆبووەوە، دەوترێت ئابی پەیامێکی گرنگی پێیە بۆ ڕێبەری ئێران لەلایەن دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکاوە.

ڕۆحانی و ئابی دوێنێ دوای کۆبوونەوەیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی هاوبەشیان ئەنجامدا و جەختیان لەوەکردەوە، کە هەردوو وڵات خوازیاری مانەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ناسراو بە 'بەرجام'ن.

لە کۆنگرەکەدا ڕۆحانی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئێران هێشتاش پابەندە بە بەرجامـەوە و دەیەوێت بەردەوامیی پێبدات و کارەکانی داهاتووشی لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە دەبێت، وتووشیەتی، ئێران خوازیاری شەڕ نییە، بەڵام ئەگەر هێرشی بکرێتە سەر وەڵامێکی توندی دەبێت، هەروەها وتوویەتی: هەم ئێران و هەم ژاپۆن دژی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی‌ـین.

شینزۆ ئابی-ش لە کۆنگرەکەدا وتی: بە کاربەدەستانی ئێرانییم وتووە کە، "پابەندبن بە بەڵێنەکانیان لە ڕێککەوتنە ئەتۆمی‌یەکە" جەختیشی لەوەکردووەتەوە کە وڵاتەکەی بە نیازە ڕۆڵی باش بگیڕێت لە دوورخستنەوەی ئێران لە گرژییەکانی ناوچەکە و بەهەر شێوەیەک بووە دەبێت مەترسیی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووربخرێتەوە.

ئابی هەروەها ڕوو لە کاربەدەستانی ئێرانی ڕایگەیاند: باشترە ئێران ڕۆڵێکی باش لە ئاشتیی و سەقامگیری ناوچەکە بگیڕێت، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نەخوازراو لە ناوچەکە ڕوونەدات.

لە کاتی ئامەدەکردنی ئەم بابەتەدا، کۆبوونەوەی شینزۆ ئابی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لەگەڵ عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران دەستیپێکردووە، هەرچەند ئامانجی ئەو کۆبوونەوەیە بەفەرمی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام ئاژانسی سپۆتنیکی ڕووسی دوێنێ ڕایگەیاندبوو، ئامانجی ئەو سەردانە و کۆبوونەوەی ئابی لەگەڵ خامنەیی، بردنی ناوبراوە بۆ دانیشتنی لوتکەی G-20، کە لە ژاپۆن بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەوەی لەوێ لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە.

ئاژانسەکە هەروەها نووسیویەتی: هۆکاری خێرایی یەکەم سەردانی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن دوای ٤١ساڵ بۆ ئێران، کە لە چوارچێوەی شێوازەکانی ئەو وڵاتە کارێکی ناوازەیە، بردنی خامنەیی بۆ ژاپۆنە، پێش سەردانەکەش ئابی و ترامپ لەسەر ئەو بابەتە بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.

س.ح