شێرکۆ بێکەس چۆن باسی دەستگیرکردنەکەی ئۆجالان دەکات؟

شاعیری گەورەی کورد 'شێرکۆ بێکەس'، لەدوای گەلەکۆمە نێودەوڵەتییەکی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد لە ساڵی ١٩٩٩، بەم شێوەیە هەست و هەڵوێستی خۆی دێنێتە زمان:


'پرشنگی ڕۆح دەستگیر ناکرێ'

ئێرە سلێمانییە و

ئەوە چەند ڕۆژە لە چاوانی سلێمانییدا

تەمومژی خەمێکی گەورە

خەمێکی سورباوی بەگیمۆ و

باڵای گۆیژە و گڵەزەردە و

بەر پەنجەرەی ژیانمان و

ئاسمانی سەر ماڵانمان و

گەلییەکانی هەناومانی داگرتووە

ئێرە سلێمانییە و

ئەوە چەند ڕۆژە

لەدەربەند باسەڕەکەی گیانی ئەم شارەدا

کەڵە پشکۆکانی ئازار و تۆڵە بەیەکەوە

ئەگەشێنەوە

لەم شارەدا هەموو کەسێ و

لە سروشتدا هەموو شتێ

مەراقێکی چاوەڕوانی ڕەنگ پەڕیوە

چاومان لێیە پیرەمەگرون

شاخی پیرۆت، شاخی نەمر

ئەویش

چەمۆڵەی بەردینی پڕ نەفرەتی

لە دونیای سۆزانیی ئەنێ و

هەردوو دەستی بە گەرداوی

ڕووە و سیمای درۆزنەی

شارستانیی و پەیکەرەکەی ئەمریکا و

دەمامکی سەر ڕووخساری گشت ئەوروپا هەڵبڕیوە

هەموو دڵێک لەم شارەدا

وەک سێوی سەر لقی بەر تەرزە و باڕێزە ئەلەرزێ

هەموو دڵێک لەم شارەدا

دڵۆپ دڵۆپ

خوێناوێکی بەناسۆری

ئەم تەنیایی و بێکەسییەی میلـلەتێکی لێ ئەتکێ

ئێرە سلێمانییە و

درەختەکان

لە ماڵەکان زوویرترن

شەقامەکان

لە دایکانی شەهیدان و

لە بێوەژنی مێرد کوژراو

دڵتەنگترن

گوڵەکانیش

لە مناڵان خەمگینترن

ئەم خەمە

خەمی غەدرێکە

هەموو دنیای پیلان لە کوردیان کرد

ئەم خەمە

خەمێکی سەراپاگیری نەتەوەییە

کسپەی برینی کوردستانییە و

هەوری سورە و

هەموو نیشتیمانی داپۆشیوە

ئەمە خەم نییە بۆ نائومێدیی و دۆشدامان

بەڵکو حەسرەتێکی هەڵگیرساوی بەلرفەیە

کە گیانی ملیۆنان کوانویەتی و

دەروونی ورد و درشتمان

جێگەیەتی و

خۆشەویستیی کوڕی شاخ و

کوڕی مێژووی ڕاپەڕینی وەک ئۆجالان

چاوگیەتی

ئێرە سلێمانییە و

شاری شێخە و

شاری قودسییە و

شاری بێکەسە و

شاری شەهاب

شاری وشە و

شاری وەرزەکانی ئەوین

لەم ساتەدا

سلێمانی و چاوەکانی سلێمانی

وان لە چاوانی گەریلادا و

ئایندەش وا لەناو دەستی ئەواندایە

لەم ساتەدا

ڕۆحی شاریش سرودێکە و

لە زیندانی دوورگەیەکی

دەریاکەی مەڕمەڕەدایە

لەنێوان ڕووبەڕووبوونەوەی ئۆجالانی سەرکردە و

ئازار و ئەشکەنجە و مەرگیشا

ئەڵێم

سروشتی سمبولێکی مەزنی نەتەوە

ئەبێ لە سروشتی ئەستێرەدا بێ

لە بەرزییدا بژی  و

لە بەرزییدا بمرێ

ورەی سمبولی ئازادیی

ئەبێ لە ورەی کێودا بێ

ڕۆحی سمبولی ڕاپەڕین

ئەبێ لە ڕۆحی خەڵکا بێ

لێرە

لە تاریکستانی سەردەمێکا

لە دۆزەخەکەی ئەشکەنجەدانی جەستەدا و

لە ژێرزەمینی بەعسدا

جەلادەکان گێڕبوویانەوە

ئاسن وتبووی بەڵێ و

بەڵام گۆشتی شەهاب وتبووی نەء

بەرد وتبووی بەڵێ و

بەڵام ئێسکی ئەنوەر وتبووی نەء

دار وتبووی بەڵێ و

بەڵام خوێنی جەعفەر وتبووی نەء

ئیتر ئەمە

بوو بە مێژووی چەندین نەوەمان

لە زیندانەکەی ئەم سیمبولە گەورەیەشا

ئێمە هەموومان دڵنیاین

لەبەردەمی بەربەریەکانی تورکدا

بەحری مەڕمەڕە ئەڵێ بەڵێ و

بەڵام ئۆجالان ئەڵێ نەء

ئەو بەندکرا

بەڵام وەختێ ڕووبارێک بەند دەکرێ

ڕووبارەکانی تر لە جوڵە و ڕۆشتن ناکەون و

سەرچاوە هەر هاژەیەتی

کە لوتکەی شاخێک ئەگیرێت

سەد لوتکەی تر سەرهەڵەبڕن

درەختێکمان پێوەند ئەکەن

لە گشت لاوە دارستان و بێشەڵانمان ڕائەپەڕن

کە هەڵۆیەک زنجیرەکەن

سەدان هەڵۆمان باڵەگرن

ئەوان ئۆجالانیان فڕان

بەڵام هەرگیز بەربەرییەکان

بۆیان ناکرێ لەناو ژیانی ملیۆنانا

خۆشەویستیی ئۆجالان و

عەشقی خاک و

کوردایەتیی و

تیشکی ئازادیی

بفڕێنن

چۆن ئەتوانن شاخ بفڕێنن

مانگی شەهیدان بفڕێنن

شار بفڕێنن

خۆر بفڕێنن

سرودەکانمان بفڕێنن

چۆن ئەتوانن سلێمانی و دیاربەکر بەنج بکەن و

چۆن ئەتوانن

ئاگری نەورۆز پێوەند بکەن و

بەچی چاوی ڕەشەبامان ئەبەستنەوە

چۆن گریان و شەپۆلەکان کۆت ئەکەن و

چۆن ئەتوانن

دەریاچەی وان بگوێزنەوە

بەچی کەلەپچەی باوەڕ و حەقمان ئەکەن

بە تۆڕی چنراوی هەموو جیهان

ئۆجالانمان دەستگیر کرا

بەڵام ئاخر

ئەو شۆڕشەی وا لەناخا دەستگیر ناکرێ

سبەینێمان دەستگیرناکرێ

ئەم زمانە دەستگیر ناکرێ

پرشنگی ڕۆح دەستگیرناکرێ

باڵی لاوک و حەیرانمان دەستگیر ناکرێ

زاوزێی کورد دەستگیر ناکرێ

ئەم مێژووە بێهۆش ناکرێ و

کەلەپچەش ناکرێتە دەستی بڕوا و هەتاو

ئێرە سلێمانییە و

سلێمانی یەک هاوارە لەناو گەرووی ئازادییدا

بۆ ئازادیی ئۆجالان و

سلێمانی هەمان خوێنی دڵی

جگەرخوێنی لێئەتکێ و

وەک بێشکچی

هەمان عەشق دەدا بەخۆیدا و

لەگەڵ هەمان خەوندا ئەژی

ئێرە سلێمانییە و

منیش شاعیرێکی ئێوەم

شاعیری گوڵ و قوربانیی

لەگەڵتانم لەم شەوەدا و

لەناوتانا ئەنگوستی شیعرم هەڵەکەم

ئەگەر هیچیشم پێ نەکرێ

خۆ من خەونی پەپولەیەک

لەبەر شەوقی پەنجەکانما ئەهێنمە دی

من ئێستاکە

چاوەکانی دیاربەکر وان لە چاوما

من خۆم ناگریم

ئەوە ئەوە لەناو ڕۆحما بەکوڵ ئەگری

لەگەڵتانم

لەگەڵتانم.. من ئێستاکە وا هەستەکەم

لە شەوگاری بێکۆتایی ئۆجالانا

لەسەر چرپای ئەشکەنجەکەی

بووم بەو گڵۆڵە لۆکەیەی

تەنیا بۆ ساتێک سپیم و

لەپڕێکا ئازاری سور ڕەنگم ئەکا و

دامئەپۆشێ

گوڵی ژاڵەی

تاقوتەنیای

برینەکەی....

ش.ف