شەڕڤانان لە ٢ هەفتەدا ١١ هەزار هاوڵاتییان ڕزگار کردووە

هێزەکانى سوریاى دیموکرات-قەسەدە لە ماوەى ٢ هەفتەدا لە هەجین ١١ هەزار هاوڵاتییان لە دەست چەتەکانى داعش رزگارکردووە، زۆربەى ئەو هاوڵاتییانەى لە دەست داعش ڕایانکردووە لە بنەماڵەى چەتەکانن.


ڕێکخراوى چاودێریى مافەکانى مرۆڤ ئەمڕۆ ڕایگەیاند، لە "ئۆپەراسیۆنى کۆتایهێنان بە تیرۆر" کە قەسەدە لە هەجین بەڕێوەى دەبات، هەزاران هاوڵاتی ڕزگارکراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو هاوڵاتییانەى لە هەجین لە دەست چەتەکانى داعش ڕادەکەن روویان لە زیادبوون کردووە، تەنها لە ماوەى ٢ هەفتەى رابردوودا زیاتر لە ١١ هەزار هاوڵاتى لە دەست چەتەکانى داعش رایانکردووە و چوونەتە ناوچە ڕزگارکراوەکانى ژێر دەستى قەسەدە.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری رێکخراوى چاودێریى مافەکانى مرۆڤ لە سوریا بە ئاژانسى هەواڵی فەرەنسا (AFP)ی راگەیاندووە: لەم ٢ هەفتەیەدا ژمارەیەکى زۆر هاووڵاتیى مەدەنى، کە ١١ هەزار و ٥٠٠ کەس دەبن لە دەست چەتەکانى داعش رایانکردووە و چوونەتە لای شەڕڤانان.

رامی عەبدولڕەحمان راشیگەیاندووە، زۆربەى ئەو کەسانەى لە دەست چەتەکانى داعش رایانکردووە، خۆیان لە بنەماڵەى چەتەکانن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە مانگی ئەیلولەوە تاوەکو ئێستا ١٥ هەزار کەس لە ناوچەکانى ژێر دەستى داعش رایانکردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، نزیکەى ٧٠٠ چەتە کە خۆیان لە ناو بنەماڵە هەڵهاتووەکاندا شاردبووە لەلایەن قەسەدەوە دەستگیرکراون. دواى کۆنترۆڵکردنى ناسنامەى هاووڵاتییان، هاووڵاتییان گواستراونەتەوە بۆ ناوچە ئارامەکان و چەتەکانیش دەستگیرکراون.

راشیگەیاندووە "داعش لە لێوارى تێکشکاندندایە و هێزی بەرگریى کەمیکردووە. ئەوەى لە بەردەم پێشڕەویى شەڕڤاناندا بووەتە لەمپەر، بۆمب و مینە چێندراوەکانن".

بە وتەى رامی عەبدولڕەحمان چاوەڕێ دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆتایى بە داعش بێت.

 

ک.ک