شەڕڤانان ٢٠٠ هاوڵاتی دیکەیان ڕزگار کرد

هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە، لە هەڵمەتی کۆتایی نەهێشتنی داعشدا لە باخۆز سەربە دێرەزۆر ٢٠٠ هاوڵاتی دیکەیان لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار کرد.


ئەمڕۆ شەڕڤانانی قەسەدە لە گوندی باخۆز، کە دوا ناوچەی ژێر دەسەڵاتی چەتەکانی داعشە، ٢٠٠ هاوڵاتی مەدەنی دیکەیان لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار کرد و گواستیاننەوە بۆ ناوچە ئارامەکان.

شەڕڤانان هاوڵاتییە ڕزگارکراوەکانیان لە ڕێڕەوێکی پارێزراوەوە ڕەوانەی ناوچە پارێزراوەکان کرد، کە لەژێر کۆنترۆڵی قەسەدە-دان.

قەسەدە ئاشکرای کرد، بۆ ڕزگارکردنی هاوڵاتیان کە لە دەستی چەتەکانی داعشدا بەدیل گیراون و وەک قەڵغان بەکاریان دێنن، هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنەگەڕ، کە بە بێ زیانگەیاندن بە هاوڵاتیان، ئەوان ڕزگار بکەن.

هەڵمەتی کۆتایی بۆ نەهێشتنی یەکجارەکی چەتەکانی داعش لە ڕۆژی شەممەوە دەستیپێکردووە، لە دوێنێ شەویشەوە شەڕێکی سەخت لەنێوان شەڕڤانان و چەتەکانی داعشدا لەئارادایە، شەڕڤانانی قەسەدە نزیکەی ٢کم پێشڕەوییان کردووە و چەتەکانی داعش ئێستا لە بازنەیەکی ٣کم گەمارۆدران و دوایین هەناسە دەدەن.

 

ک.ک