شەڕی هێلکە لەنێوان عێراق و تورکیا پەرەدەسێنێت

سالح حوسنی وەزیری کشتوکاڵی عێراق ناڕەزایی بەرامبەر سەردانێکی فاتح یەڵدز باڵیۆزی تورکیا لە عێراق بۆ یەکێک لەبازاڕەکانی هێلکە دەربڕی و ڕایگەیاند: هێلکەی عێراق پێویستیەکانی ناوخۆ پڕ دەکاتەوەو پێویستمان بەهێلکەی دەرەوە نی یە، ئەگەر پێویست بێت دەتوانین هەناردەی دەرەوەش بکەین، ئایا سەردانی فاتح یەڵدز بۆ بازاڕی هێلکە چی یە؟.


سالح حوسنی وەزیری کشتوکاڵی عێراق ئەمڕۆ لەکەربەلا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا ناڕەزایی بەرامبەر فاتح یەڵدز باڵیۆزی تورکیا لەعێراق دەربڕی و وتی:" ئایا هۆکاری سەردانی باڵیۆزی تورکیا بۆ بازاڕی هێلکە لە بەغدا چی یە؟".

حوسنی دەستنیشانی کرد، کە چەندین بەرهەمی ناوخۆیی هەیە و پێویستیەکانی عێراق پڕ دەکاتەوە، لەبەرئەوە پێویست ناکات لەدەرەوە هاوردەی بکەین.

دوێنێش وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا ناڕەزایی بەرامبەر فاتح یەڵدز نیشاندابوو کە سەردانی یەکێک لەبازاڕەکانی هێلکەی شاری بەغدای کردبوو، ئەم سەردانەشی بە کارێکی خراپ ناوزەد کردبوو.

وەزارەتی کشتوکاڵ لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە ئەوان پێویستیان بەهێلکەی دەرەوە نییە، ئەگەر پێویست بکات دەتوانن هەناردەی دەرەوەشی بکەن.

وەزارەتەکە ئەوەشی ڕوون کردۆتەوە، سەردانەکەی فاتح یەڵدز بۆ بازاڕی هێلکە بڕیاری عێراق لەمبارەوە ناگۆڕێت و ئەوان سورن لەسەر بڕیارەکەیان.

ڕۆژی ٢٠ی مانگی ڕابردوو، فاتح یەڵدز بەمەبەستی هەناردەکردنی هێلکەو مریشکی تورکیا بۆ عێراق، سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی کردبوو، داوای لە سالح حوسنی وەزیری کشتوکاڵ کردبوو کە بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەی هێلکەو مریشکی تورکی بۆ عێراق هەڵبوەشێنێتەوە.

سەردانەکەی باڵیۆزی تورکیا لەعێراق بۆ بازاڕی هێلکە و کۆبوونەوەی لەگەڵ بازرگانەکانی ئەو شارە جگە لە ناڕەزایەتی بەرپرسانی عێراق، ناڕەزایی هاوڵاتیانی عێراقیشی لێکەوتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەمانگی پێنج-ی ئەمساڵەوە بۆ پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەکان بڕیاریدا کە چیتر مریشکی بەستوو و هێلکەی ئۆکرانیا و تورکیا هاوردە نەکات.

ب.ش