عادل عەبدولمەهدى بۆ پێکهێنانى حکومەت ڕاسپێردرا

بەرهەم ساڵح، وەک سەرۆک کۆمارى عێراق، عادل عەبدولمەهدى، بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق ڕاسپارد.


لە دواى ئەوەى لە هەڵبژاردنى ئەمشەوى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق-دا، بەرهەم ساڵح، وەک سەرۆک کۆمارى عێراق هەڵبژێردرا، ناوبراو عادل عەبدولمەهدى، بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق ڕاسپارد.

بەپێى ڕێکارە دەستوورییەکان، عادل عەبدولمەهدى، پێویستە لەماوەى ٣٠ ڕۆژدا کابینەى نوێى حکومەتى عێراق پێکبهێنێت، ئەگەر نەیتوانى، سەرۆک کۆمار، لەماوەى ١٥ ڕۆژدا کەسێکى دیکە لە گەورەترین هاوپەیمانى نێو ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، ڕادەسپێرێت بۆ ئەوەى لەماوەى ٣٠ ڕۆژدا حکومەت پێکبهنێت.

عادل عەبدولمەهدى، کەسایەتییەکى سیاسى سەربەخۆى نێو شیعەکانە، لەساڵى ١٩٤٢ لەدایک بووە، لە سەرەتاى گەنجیدا، تێکەڵ بە سیاسەت بووە، ئەندامى سەرکردایەتى ئەنجومەنى باڵاى شۆڕشى ئیسلامى عێراق بووە، لەساڵى ٢٠٠٥، دەبیتە جێگرى  سەرۆک کۆمارى عێراق، لەساڵى ٢٠١٤ دەبێتە وەزیرى نەوەتى عێراق، بڕوانامەى بەکالیۆریۆسى لە زانستى ئابورى، لە زانکۆى بەغدا بەدەستهێناوە، بڕوانامەى ماستەرى لە زانستى سیاسى، لە فەڕەنسا بەدەستهێناوە.

عادل عەبدولمەهدى، بە دۆستى کورد ناسراوە و پەیوەندییەکى پتەوى لەگەڵ سەرکردەکانى کوردا هەیە، هەروەها چاودێران پێیان وایە، کە عادل عەبدولمەهدى، وەک کەسێکى پەسەند لەلایەن هەردوو هاوپەیمانى گەورەى نێو ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، هاوپەیمانى بینا و هاوپەیمانى ئیسڵاح، دیارى کراوە بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران.

د.ع