عادل عەبدولمەهدی: عێراق بە شێوەیەک پێش دەخەین كەس لەخوار هێڵی هەژارییەوە نەبێت

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەربارەی دۆخی ناوخۆی وڵاتەکەی بەیاننامەیەكی بڵاوکردەوە، کە تێیدا باسی لە سزادانی ئەو کەسانە کردووە کە هاوڵاتیانیان کوشتووە، هەروەها ڕایگەیاندووە هەموو ئەوکەسانە زیندانیی کراون ئازادیان دەکەن و ڕاشیگەیاند: ئەگەر بەردەوام بین عێراق بە شێوەیەک پێش دەخەن هیچ كەسێك لە خوار هێڵی هەژارییەوە نەبێت.


دەربارەی دواین هەڵوێستی حکومەتی عێراق، کەمێک لەمەوبەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەكەدا عەبدولمەهدی دەڵێت: خۆپیشاندانە ئاشتیانەكەی گەلەكەمان بە گرنگترین دادەنێن لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئێستا، حكومەت كار دەكات بۆ سەرخستنی داواكاری خۆپیشاندەران، خۆپیشاندانیش بەلایەوە هۆكارێكی گرنگە بۆ دروستكردنی فشار بۆ چاودێری و چاكسازی پێویست، هەروەها فشار دروست دەكات لەسەر لایەنەكانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری.

هەر لە بەیاننامەکەدا، عەبدولمەهدی ڕایگەیاندووە، حكومەت و دەسەڵاتی دادوەری بەدواداچوون دەكات بۆ بابەتی شەهیدەكان و بریندارەكانی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، ڕاشیگەیاندووە:"هیچ كەسێك لە زیندان نامێنێتەوە، ئەو كەسانەش كە تاوانیان لەسەر دەسەلمێت لە هەر كەس و لایەنێك بن، كە هەستاون بە كوشتن و ڕفاندن لە دەرەوەی یاسا ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە".

لەو بەیاننامەدا، ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەوان گۆڕانکاری دەکەن لە وەزارەتەکاندا و پشت بەگەنجان دەبەستن، ئەوەشی وەک خواستی خۆپیشاندەران ناوهێناوە.

هەروەها دەربارەی وەستانی هێڵەکانی ئینتەرنێت، سەرۆک وەزیران ڕایگەیاندووە، هەندێک کەس بۆ "توندوتیژیی و کێشە دروستکردن بەکاری دەهێنن".

لەکۆتاییدا باسی لەوە کردووەتەوە، کە مووچەی پلە باڵاکان کەم دەکرێتەوە و بەردەوام دەبن لە چاکسازیی، ئەوەشی وتووە، ئەگەر بەردەوام بن عێراق بە شێوەیەک پێش دەخەن، کە " هیچ كەسێك لە عێراقدا لە خوار هێڵی هەژارییەوە نەژی".

س.ح